وەزارەتی بەرگریی تورکیا: پێنج کەشتیی دیکەی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوتن
رووداو - هەولێر
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئابی 2022، پێنج کەشتیی دیکە کە دانەوێڵەی ئۆکراینایان بارکردووە، ئەو وڵاتەیان بەرەو شاری ئیستەنبووڵی تورکیا جێهێشتووە.
لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە چوارچێوەی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا، پێنج کەشتیی دیکە کە گەنم و گەنمەشامییان بارکردووە، دووانیان لە یوژنی و سێ کەشتیی دیکەش لە چۆرنۆمۆرسک-ەوە بەندەرەکانی ئۆکراینایان جێهێشتووە و بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوتوون.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە چوار کەشتیی دیکەش ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو بەندەرەکانی ئۆکراینا دەچن. پێش بەڕێکەوتنیان، لەلایەن ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەشەوە دەپشکندرێن.
رۆژی 1ی ئابی 2022، یەکەم کەشتیی هەڵگری دانەوێڵە بەناوی رازۆنی لە بەندەری ئۆدیسا لە ئۆکراینا بەڕێکەوتبوو. ئێوارەی رۆژی 2ی ئاب لە بەندەری گەرووی ئیستەنبووڵ لەنگەری گرت. رۆژی 3ی ئاب دوای پشکنینی لەلایەن تیمی هاوبەشی ناوەندی هاوئاهەنگیی ئیستەنبووڵ، بەرەو ئەفریقا بەڕێکەوت.
تاوەکو ئێستا 28 کەشتیی باری دانەوێلە لە هەرسێ بەندەری ئۆدیسا، یوژنی و لە چۆرنۆمۆرسک-ی ئۆکرایناوە بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوتن و دوای پشکنینیان نێردراونەتە شوێنەکانی مەبەست.
رۆژی 22ی تەممووزی 2022، بە سەرپەرشتیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "رێککەوتننامەی دەستپێشخەری بۆ ناردنی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندەرەکانی ئۆکراینا"وە لە نێوان تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
بۆ کردنەوەی رێگەکانی گەیاندنی خۆراک و پەینی کشتوکاڵی لە نێو دەریای رەش، سێرگی شوێیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ئۆلیکساندر کوبراکۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا هەریەکەیان بە جیا رێککەوتنێکی هاوشێوەیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیادا واژۆکرد.
لەم رێککەوتنەدا، رێگە بە ئۆکراینا دەدات درێژە بە ناردنی کەشتییەکانی بدات کە گەنم و دانەوێڵە و پەینی کشتوکاڵی بە دەریای رەشدا بگوازێتەوە. ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی برسێتی لەسەر جیهان.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکراینا، بەهۆی گەمارۆی رووسیا و مینڕێژکردنی بەندەرەکانی ئۆکرایناوە، نزیکەی 25 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و گەنمی ئەو وڵاتە رێگەی هەناردەکردنیان لێگیراوە.