لە تورکیا باجی سەر سووتەمەنی زیاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان، حکومەتی تورکیا جارێکی دیکە نرخی سووتەمەنی زیاد کرد.
بەگوێرەی بڕیارنامەیەک کە رۆژی 15-07-2023 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆ کراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، باجی بەکارهێنەری تایبەت 5 لیرە زیادکراوە و لەگەڵ باجی بەهای زیادکراو کە 2 لیرەیە، کۆی باجی سەر سووتەمەنی گەیشتووەتە 7 لیرە.
رۆژی 15ـی تەممووز نرخی یەک لیتر بەنزین 1.32 لیرە بەرزکرایەوە، لە ئیستەنبووڵ بە 28.05 لیرە و لە ئەنقەرە بە 28.53 و لە ئیزمیر بە 28.63 لیرە فرۆشرا.
دوای ئەم بڕیارە نوێیە بۆ زیادکردنی باج کە لە ئەمڕۆوە دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، لیترێک بەنزین بە 35.90 لیرە و لیترێک دیزل بە 33.18 لیرە، LPG بۆ ئۆتۆمبێل بە 15.91 لیتر دەفرۆشرێت.
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14 و 28ـی ئایاری ئەمساڵدا، هاوتەریب لەگەڵ لاوازبوونی بەهای بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان نرخی سووتەمەنی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.