بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و ئەمڕۆ 100 دۆلار هەزار و 600 دینار دابەزی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-05-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی بۆرسەی هەولێردا 100 دۆلار بە 146 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار دابەزی بۆ 145 و 100 دینار.
 
حاجی سابیر گوتیشی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پێدانی کارتی ئەلیکترۆنییە کە بەهۆیەوە دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی لە وڵاتانی دەرەوە رادەکێشرێت.
 
هاوکات ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق 272 ملیۆن دۆلاری فرۆشت، 216 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و 56 ملیۆن دۆلاریی بەشێوەی نەختینە. 
 
لە کۆتایی مانگی نیسانەوە بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار بەرزببووەوە و 100 دۆلار لە نێوان 141 بۆ 142 هەزار دینار بوو، بەڵام دوو هەفتەیە  بەهای دینار رووی لە نزمبوونەوە کردووە و بە زیاتر لە 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە بەهای دینار بەرزبووەوە. 
 
سەرەڕای هەوڵ و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەڵام بەهای دینار ناجێگیرە، رۆژی 2ـی شوباتی 2023 بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاند.
 
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.