عێراق نووسراوێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاراستەی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان سبەی بە فەرمی نووسراو ئاراستەی تورکیا دەکرێت. لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی عێراق بە قەرزیش بێت پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت."
رۆژی یەکشەممە 16-04-2023، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر هەرێمی کوردستان خۆی گرێبەستەکانی نەوتی واژۆ دەکرد، ئێستا حکومەتی فیدراڵیش رۆڵی دەبێت و بەوشێوەیەش دوو سیستمی جیاواز دەبێت هەر لەناردنی نەوت، وەرگرتنی پارە، هەژمارە بانکییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی هەردوو سیستم پێکەوە بگونجێن، هەندێک رێکاری تەکنیکی پێویستە."
ئێستا، بەگوتەی بەنگین رێکانی، "هەم رێکارە تەکنیکی و هەم یاساییەکان تەواو بوون و سبەی لە رووی تەکنیکییەوە گرێبەستێک واژۆ دەکرێت و بەفەرمی داوا لە تورکیا دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا بڕیاری دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات دوای بڕیارەکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا.
دوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان باس لە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بەشێکی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دابیندەکرا. بەنگین رێکانی لەبارەی ناردنی پارە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان گوتی: "لە کۆبوونەوەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەوبارەوە دەدرێت، ئەگەربە قەرزیش بێت پارە دەدرێت و دوای پەسندکردنی بودجە لەو پارەیە دەبڕدرێت."
بڕیارە یەکشەممە 16ی نیسانی 2023، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق پاڵپشتی خۆیانی بۆ بودجە راگەیاند و گوتی: "پاڵپشتی بودجە دەکەین و لە ئەنجوومەنی وەزیران کە ئێمەش ئەندامین تێدا باسکراوە و تاوتوێکراوە، ئێمە پاڵپشتی هەموو بودجە دەکەین کە بەرژەوەندی هەموو عێراقی تێدایە، بەشی کوردستانیش باش دیاریکراوە و کێشەکانیش باسکراوە."