حکومەتی عێراق بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان: دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی گەنم پارەکەی وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دڵنیایی دەداتە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، دوای رادەستکردنی دانەوێڵەکانیان، لە ماوەی 24 کاژێردا پارەکەیان وەردەگرن.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا وەڵامی پرسیارەکانی محەممەد شێخ فاتیحی دایەوە.
حەیدەر نووری رایگەیاند، لە 10ـی نیسانی 2023ـەوە دەستیانکردووە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بەسرە، میسان، سەماوە و ناسریە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا گەنمی جووتیارانی نەجەف، کەربەلا، واست تاوەکو دەگاتە بەغدا وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق بە رووداوی گوت، دوای 20 رۆژی دیکە دەست بە وەرگرتنی گەنمی سەڵاحەدین و پارێزگاکانی دیکەی باکوور دەکەن و لە نێوەڕاستی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانیشدا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و نەینەوا دەکەن.
گەرعاوی باسی لەوەکرد، دوای تێپەڕبوونی 24 کاژێر بەسەر وەرگرتنی گەنمەکەدا پارەی جووتیارانی بەسرە، میسان، سەماوە و ناسریە لە رێگەی چەکی بانکییەوە بە جووتیارەکان دراوە و گوتیشی، جووتیارانی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق نییە و ئەوانیش دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەیان پارەکەیان وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق گوتی، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا جووتیاران هەمان رۆژ یان دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی بەرووبوومەکەیان، شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت و راشیگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی بە وەزارەتی دارایی داوە کە بەر لە دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی دانەوێڵە، گوژمەیەک پارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران دوانەخرێت. ئەمەش یەکێکە لە بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی کارنامە حکومییەکەی".
ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆی باشبوونی بڕی بارانبارینەوە لە سەرجەم عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە بە وەرگرتنی چوار ملیۆن تۆن گەنم و گوتی، "عێراق ساڵانە پێویستی بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمە. ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنممان وەرگرتووە کە نزیکەی 40٪ـی پێداویستییەکانی عێراق بووە".