بەشێک لە بەربژێران بانگەشەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەکەن و حکومەتی عێراقیش رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان باسی ئەوە دەکەن کە ئەگەر بچنە پەرلەمانی عێراق بەهای دینار بەرزدەکەنەوە، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، بەهای دینار لە ساڵی 2022ـش وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 09-15-2021 بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 216.8 ملیۆن دۆلاری بە کاش و حەواڵە فرۆشتووە، ئەوەش کەمترە لەو بڕەی کە رۆژی رابردوو خستوویەتییەڕوو کە 228.5 ملیۆن دۆلار بووە، بەو پێیەش بە هەردوو رۆژەکە بڕی زیاتر لە 445.3 ملیۆن فرۆشراوە.
ئەو بڕەی کە بانکەکە بە کاش فرۆشتوویەتی 42.5 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش 16 ملیۆن دۆلار کەمترە لەو بڕەی کە رۆژی سێشەممە فرۆشتوویەتی، هۆکاری ئەو کەم و زیادەش، پەیوەندیی بە سیاسەتی بانک و خواستەوە هەیە لەسەر دۆلار.
ماوەیەکە دوای گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، ژمارەیەک لە بەربژێرەکان بەڵێنی ئەوە دەدەن کە دەستکاریی بەهای دینار دەکەن و کۆتایی دەهێنن بە نزمیی بەهای دراوەکە، بەڵام بانکی ناوەندیی و حکومەتی عێراق ئەم بڕیارەیان داوە وەک چارەسەرێک بۆ سیستەمی دارایی و ئابووریی عێراق و ئەو چارەسەرەش چەند ساڵێکی دەوێت تا کاریگەرییەکانی دەردەکەون.
هەفتەی پێشوو حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەوان لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی دۆخی ئابووریی عێراق کە لە پەڕاوی سپیدا هاتووە، ئەو بڕیارەیان داوە و بڕیارەکەشی بە "بوێریی" وەسفکرد، هەر بۆیە رایگەیاند لە بودجەی ساڵی 2022 یشدا بەهای دینار و دۆلار وەک خۆی دەمێنێتەوە.