ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەی لە هەولێر بێ پێشەکی دەفرۆشرێت
بۆ پێوانەکردنی بایەخ و گرنگیی کەرتی خانووبەرە "شوێن" سەرەکیترین پێوەرە، پاشان خەسڵەتەکانی دیکە دێن، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان لە دوای کەرتی نەوت، کەرتی خانووبەرە لە پلەی دووەمدا دێت لە رووی بایەخەوە.
هەرچەندە ئەو کەرتە زۆر کاریگەرە بە دۆخی نێوخۆیی، سیاسی و دارایی هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کە تاوەکو ئاستێکی زۆر بازاڕی خانووبەرەیان سست و لاواز کردووە، بەڵام شێوازی فرۆشتن و خستنەڕووی یەکەکان بە تایبەت لە بواری نیشتەجێبوون، دەتوانێت کەمێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکان کەمبکاتەوە.
لە نێوجەرگەی شاری هەولێر دوو تاوەری هەوربڕ دەستکرا بە فرۆشتنی یەکەکانی، دوای ئەوەی لە رووداوەوە کەمپەینی فرۆشتنیان راگەیاند، دوو هەفتەیان بەس بوو بۆ ئەوەی تەواوی 865 شووقەکەیان بفرۆشن.
ئەوەی کە ئەو پڕۆژەیەی لەوانی دیکە جیاکردەوە شێوازی فرۆشتنەکەی بوو کە بەبێ پێشەکی شووقەکانیان فرۆشت، واتە کەسێک دەتوانێت بە 750 دۆلار یان 1000 دۆلار، ببێت بە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون.
پڕۆژەکە دەکەوێتە گەڕەکی برایەتی لە هەولێر، لەسەر رووبەری پێنج هەزار و 300 مەتر دووجا، دوو تاوەر کە رووبەری هەردووکیان 2480 مەتر دووجایە دروستدەکرێن، واتا 54٪ی رووبەری پرۆژەکە سەوزایی و کراوەیە و 46٪یشی بینایە.
رووبەری یەکەکان جیاوازن، 80 مەتر، 98 مەتر و 150 مەتریی تێدان، گەورەترینیشی 190 مەترە. نرخی یەک مەتر دووجا لە 790 بۆ 840 دۆلارە. تاوەکو شووقەکە بچووکتر بێت نرخی مەترەکانی گرانترە.