نرخی بیتکۆین زیاتر لە 3 هەزار دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین 3 هەزار و 375 دۆلار بەرزبووەوە. ئێستا هەر بیتکۆینێک بە 65 هەزار و 5 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە 10 رۆژی رابردوودا.
دابەزینی نرخی دۆلار دوای کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین لە ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 15-5-2024)ـدا.
دوێنێ، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سیاسەتی نەختینەیی تووندی ئێستا وەکو پێویست کاریگەریی هەیە، پێویست ناکات سوودی بانکی زیاتر بەرزبکەنەوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت. پاوڵ هۆشداریی دا لەوەی بانکەکەیان متمانەی کەمی هەیە بەوەی هەڵاوسان بۆ ئەو رێژەیە دابەزێت.
لە هەمان کاتدا، ئاماژەکانی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە سندووقەکانی مامەڵەی راستەوخۆی بیتکۆین، هاوشان لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رێکخستنی یاسایی، گەشبینییەکانی لەبارەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان سنووردار کرد.
تەنیا رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار لە سندووقەکانی مامەڵەی بیتکۆین و ئیسیریۆن لە بۆرسەی هۆنگ کۆنگ دەرهێنراون.
30ـی نیسانی ئەمساڵ، بۆرسەی هۆنگ کۆنگ سندووقی پێنوێنی راستەوخۆی بیتکۆینی دامەزراند.
هەرچەندە هێشتا هۆکاری دەرهێنانی پارە لە مامەڵەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان بەو بڕە زۆرە دیار نییە، بەڵام زیادکردنی گومرگی سەر کاڵای چینی لە لایەن ئەمریکاوە، نیگەرانیی لە بازاڕەکانی چین و هۆنگ کۆنگ دروستکردووە.