بەهای دینار، تمەن و زێڕ بەرزبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 6 ملیۆن تمەن دابەزی. بەهای دینار و مسقاڵی زێڕیش بەرزبوونەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی داخستنی بازاڕدا لە هەولێر، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 700 دینار بوو. لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، ئەمڕۆ بەیانی 100 دۆلار بە 145 هەزار و 800 دینار بووە.
 
بە گوتەی حاجی سابیر، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بۆ رووداو، ئەمڕۆ حەواڵە زۆر بوو، بەڵام خواست لەسەر دۆلاریش هەبوو، ئەمەش وایکرد بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زۆر بەرز نەبێتەوە.
 
بۆ حەواڵەکردن بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە و خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمببێتەوە.
 
بەهای دینار لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش بەرزبووەوە. لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 900 دینار بوو، لە کاتی داخستنیشدا بە 145 هەزار و 700 دینار بوو.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 277 ملیۆن و 573 هەزار و 581 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 255 ملیۆن و 583 هەزار و 581 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 21 ملیۆن و 990 هەزار دۆلاریشی بە کاش بووە.
 
هاوشێوەی دینار، بەهای تمەنیش بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
 
وەک حاجی سابیر گوتی، 100 دۆلار بە حەواڵە بە پێنج ملیۆن و 930 هەزار تمەنە. بە کاش [نەقد]ـیش بە پێنج ملیۆن و 660 هەزار تمەنە.
 
هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای تمەن دادەنرێت.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی بەهای تمەنە بەرامبەر بە دۆلار لە نزیکەی مانگێکدا.
 
نرخی زێڕ بەرزبووەوە
 
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک گەیشتەوە 2360 دۆلار.
 
دوای دابەزینی هەڵاوسانی ئەمریکاش لە ئێوارەی ئەمڕۆ، نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2374 دۆلار.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە، وایکرد نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار بەرزببێتەوە.
 
لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخەکان بەم شێوەیەن:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=560,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=515,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=490,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=420,000
 
بەهای دراوەکان و زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕدا
 
100 دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی: 
 
لە هەولێر
145,700 دینار
 
لە سلێمانی
145,700 
دینار
 
100 دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە: 
 
حەواڵە
5.930 ملیۆن تمەن
 
کاش
5.660 ملیۆن تمەن
 
3200 لیرەی تورکی
 
106 یۆرۆ
 
106 پاوەند