سەردانەکەی سوودانی بە هەلێک دەزانرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە یەک ساڵە هەناردەی رۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە وەستاوە. سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک هەلێک دەبینرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی ئەو نەوتە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
 
رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی قەمەر ئێنێرجی دەڵێ "پێموایە ئەمریکا ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکات. گوشارێکی زۆری سیاسیی ئەمریکا هەیە بۆ ئەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە، تاوەکو ببێتە پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان."
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکارێک بۆ دابەزینی نرخی نەوت کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئیدارەی بایدنە؛ بەو پێیەی دەتوانێت هەڵاوسان لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور کە لە هەشت کۆمپانیای نەوتی پێکدێن، سەردانەکەی سوودانی بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و وزە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
ئەپیکور دەڵێت، زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان 14.5 ملیار دۆلار بووە. 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن و دەتوانن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادە بێت شایستە داراییەکانیان گەرەنتی بکات.