ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی 400 ملیارەکەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و بانکەکانی رەشید و رافیدەین کردووە و داوای کردووە جێبەجێی بکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەرکردووە و "پێویستە" وەزارەتی دارایی و هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین جێبەجێی بکەن.
 
دوێنێ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، هەر کاتێک 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نێوخۆ بۆ مووچە دانراوە، وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.
 
رۆژی 11-06-2023، تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی سەرچاوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 14-05-2023، دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستیپێکرد و رۆژی 31ـی هەمان مانگ بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە کۆتاییهات.
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، 940 ملیار دینار پێویستە.