ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سێ هەزار دۆلار

رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوێنێوە 62 دۆلار بەرزبووەتەوە و ئێستا گەیشتە سێ هەزار دۆلار.
لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە، زێڕ روو لە بەرزبوونەوەیە و نرخی هەر ئۆنسەیەک لە دوو هەزار و 938 دۆلارەوە گەیشتە دوو هەزار و 993 دۆلار، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش بە سێ هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
چاوەڕێ دەکرێت، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆش زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەوە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژوو دا تۆمار کرابێت. سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکاش دوو هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەکەن.
یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە بە رێژەی 50٪ گومرگ لەسەر ویسکیی ئەمریکا دابنێت. لە وەڵامدا ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی گومرگی 200٪ـی کرد لەسەر خواردنەوە کحولییەکانی ئەورووپا، لەنێویشیاندا مەی و شامپانیا.
بڕیارەکەی ئەورووپا لە وەڵامی بڕیارێکی دیکەی ترەمپ بوو کە لەمدواییانەدا گومرگی 25٪ـی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپا سەپاندبوو.
گرژبوونی ئەو پەیوەندییە بازرگانییانە نیگەرانییەکانی زیادکردووە لە ئەگەری سستبوونی ئابووریی ئەمریکا کە گەورەترین ئابووریی جیهانە، ئەوەش وەبەرهێنەرانی هانداوە بەدوای سەرمایەیەکی جێگیر و بەهادار بگەڕێن کە زێڕە.
ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن؛ حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە 3٪ـەوە بۆ 2.8٪ دابەزیوە. ئەمە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا زیاد دەکات، بەتایبەتی کە بڕیارە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژانی 18 و 19ـی ئەم مانگە لەبارەی سیاسەتی نەختینەیی کۆببێتەوە و بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود ئاشکرا بکات.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، ئەوەش نرخی زێڕ، پشکی کۆمپانیاکان، دراوەکان و دراوە دیجیتاڵییەکانیش بەرزدەکاتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕەوە نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش بەرزتر بووەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24= 715,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22= 655,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21= 625,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18= 535,000