گوتەبێژی کۆشکی سپی: بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس پاڵپشتییە بۆ رووسیا


رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکە تایبەتەکەی محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات گەیشتە سەینت پیتەرسبۆرگی رووسیا. ئامانج لە سەردانی سەرۆکی شەشەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت، تاوتوێکردنی دوایین بڕیاری رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بوو لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، مەرامی بڕیاری رێکخراوەکە ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی بازاڕی وزەی جیهاندایە. دەشڵێت، "کاردانەوە و بڕیارەکانمان دژی هیچ کەسێک نین. ئێمە کێشە بۆ هیچ کەس دروست ناکەین و بە نیاز نین کێشە بۆ کەس دروستبکەین. تەنیا ئامانجمان دروستکردنی سەقامگیرییە لە بازاڕی وزەدا".
 
ئەو بڕیارەی ئۆپێک پڵەس کاردانەوەی ئەمریکای بە دوایخۆیدا هێنا کە ئێستا ململانێ لەگەڵ نرخی بەرزی سووتەمەنیدا دەکات. سعودیە کە سەرۆکی رێکخراوە 23 ئەندامییەکەیە، سەرنجی سەرەکیی واشنتنی کەوتووەتەسەر و پێشبینی دەکرێت دابڕان لە پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە رووبدات.
 
راگرتنی بازرگانیی چەک لەگەڵ سعودیە یەکێکە لەو پێشنیازانەی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، سعودیە گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمریکایە و 23٪ی بازرگانیی چەکی ئەمریکا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لەگەڵ سعودیە بووە.
 
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "ئێستا دوای بەرەوپێشچوونە نوێیەکان و ئەو بڕیارەی ئۆپێک پڵەس لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە داویەتی، سەرۆک بایدن پێیوایە پێویستە چاوێک بە پەیوەندییە دووقۆڵیەکەمان لەگەڵ سعودیە بخشێنینەوە، تاوەکو بزانین پێویستە پەیوەندییەکان لە کوێدا بن و دڵنیابێتەوە کە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیدایە".
 
بەرپرسانی ئەمریکا، رووسیا بە هاندەری بڕیارەکە دادەنێن و تەواوی ئەندامەکانی ئۆپێک بە پاڵپشتیکردنی رووسیا تۆمەتبار دەکەن، چونکە بەگوێرەی ئەمریکا، بەرزیی نرخی نەوت یارمەتیی پووتین دەدات لە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا.
 
کارین جین، گوتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوە کرد، "پێمان وایە بەو بڕیارەی ئۆپێک پڵەس لە هەفتەی رابردوودا دایان خۆیان خستە پاڵ رووسیا کە ئێستا کاتی ئەوە نییە لەگەڵ رووسیادا هاوبەشی بکەیت بە تایبەت لە کاتێکدا ئەو جەنگە تووندوتیژەیان لەگەڵ ئۆکراینادا بەرپاکردووە. سەرۆک لە سەرەتای جەنگەکەوە زۆر روون بووە لەم بارەیەوە. ئەم هەنگاوەی ئۆپێک پڵەس هەفتەی رابردوو ناویەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە سیاسەتی وزەیان لەگەڵ رووسیادایە".
 
رۆژی هەینی، 7ی تشرینی دووەم، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لۆمەی رووسیا و سعودیەی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت کرد و رایگەیاند، لە بڕیارەکە "بێ ئومێد" بووە و کار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی داهاتووی لە دژی ئەو بڕیارەی سعودیە دەکات.
 
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیەش باس لەوە دەکات، بڕیارەکە بە تەواوی ئابوورییە و دەستی سیاسی لە پشت نییە.