بۆ دووەمین مانگ لەسەریەک هەڵاوسان لە ئەمریکا زیاد دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەمین مانگی لەسەریەک هەڵاوسان لە ئەمریکا زیاد بوو، بەوەش گوشارەکان لەسەر بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی زیاد دەبن، کە 20ـی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی کاری ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، 13.9.2023، رایگەیاند، لە مانگی ئابی 2023ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 3.7٪ بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو. ئەمە لەکاتێكدایە پێشبینی دەکرا رێژەکە 3.6٪ بێت. هاوکات زیاتریشە لە مانگی تەممووز کە هەڵاوسان گەیشبووە 3.2٪.
 
لەسەر ئاستی مانگانەشدا، لە ئەمریکا نرخەکان لە مانگی ئابدا 0.6٪ بەرزبوونەتەوە، هۆکاری سەرەکییش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە لەو وڵاتە کە لە هەفتەی سێیەمی ئەو مانگەدا گەیشتە سێ دۆلار و 98 سەنت بۆ هەر گالۆنێك کە دەکاتە 3.4 لیتر، لەکاتێکدا لە هەفتەی سێیەمی مانگی تەممووزدا نرخی هەمان بڕی بەنزین سێ دۆلار و 67 سەنت بوو.
 
ئامارەکە دەکرێت کاریگەری لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەبێت. رۆژی چوارشەممە، 20.9.2023، لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکەکە کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی رێژەی سوودی بانکییەوە.
 
پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، زۆرینەی چاودێران، ئابووریناسان و بازاڕەکان لەسەر بڕوایەدا بوون، کە بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەدا رێژەی سوود وەک خۆی دەهێڵێتەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکە، هەڵاوسان بەرزبووەتەوە و زیاتر دوورکەوتووەتەوە لە ئامانجی بانکەکە کە دەیەوێت هەڵاوسان 2٪ بێت.
 
هاوکات بەشێکی دیکەی شارەزایان پێیانوایە، هەرچەندە بەپێی داتا ئابوورییەکان، دەبێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم مانگەدا سوودی بانکی زیادبکات، بەڵام دەکرێت لەو مانگەدا سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی گوشارەکان بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەردەوام بن و رەنگە لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا جارێکی دیکە نرخەکە زیادبکات.
 
هاوکات دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکە، نرخی زێڕ شەش دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1906 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دواتر بەرزبووەوە و گەیشتەوە نزیکەی 1910 دۆلار.
 
لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪یە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ـدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان دادەبەزێنێت.