نرخی زێڕ دابەزی

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاد لە 25 دۆلار دابەزی. بەوهۆیەوە ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار دابەزی. ئەگەر هەیە سبەی زیاتریش دابەزێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی زێڕ درێژەی بە دابەزینەکانی ئەمڕۆی دا. هەر ئۆنسەیەک زێڕ 26 دۆلار دابەزی و بە 2333 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دەرهێنانی قازانجەکان لە لایەن بازرگانان و نزیکبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕن.
 
هەفتەی رابردوو لە نێوان رۆژی کرانەوە و داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی ئۆنسەیەک 60 دۆلار بەرزبووەوە. لەکاتی داخستندا ئۆنسەیەک بە 2360 دۆلار بوو.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە وایکرد بەشێکی بەرچاوی بازرگانان کە زێڕیان کڕیبوو، لەو نرخەدا بیفرۆشن، ئەوەش خستنەڕووی زیادکرد و نرخەکەی دابەزاند.
 
ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر و کەرتی وردەفرۆشی ئەمریکا بڵاودەبنەوە و بە ئەگەری زۆرەوە ئاراستەی نرخی زێڕ دەستنیشان دەکەن.
 
سەرەکیترین ئاماری ئەم هەفتەیە کە چاوی بازرگانانی لەسەر بێت، هەڵاوسانی مانگی رابردووی ئەمریکایە.
 
ئامارەکە رۆژی چوارشەممە 15-5-2025 لە کاژێر 15:30ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاودەکرێتەوە.
 
لە سەرەتای ئەمساڵ هەڵاوسان لە ئەمریکا لە بەرزبوونەوەیە. ئامارەکەی ئەم هەفتەیە بەرچاوڕوونیی زیاتر دەداتە بازرگانان لەبارەی مانەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدا یان کەمکردنەوەی.
 
لە مانگی ئاداردا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.5% بەرزبووەوە. زیادبوونی رێژەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت [ئەگەر دۆخێکی جیۆسیاسیی لەناکاو روونەدات]، دابەزینیشی کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت.
 
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پەلە لە دابەزاندنی سوودی بانکی نەکات، بەپێچەوانەشەوە.
 
هەر بەهۆی دابەزینی ئەمڕۆی نرخی ئۆنسەی زێڕەوە، نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستانیش دابەزی. ئێستا نرخەکان بەم شێوەیەن:
 
نرخی یەک مسقاڵ زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 555 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 510 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 485 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 415 هەزار دینارە
 
ئەم نرخەی مسقاڵێک زێڕ لەکاتێکدا بووە کە ئۆنسەیەک زێڕ بە 2350 دۆلار بووە.
 
بەم پێیە، ئەگەر نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیک ئەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، ئەگەر سبەی نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕە نێوخۆییەکان 5 هەزار دیناری دیکە دابەزێت.
 
گۆڕانکاری لە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.