کشتوکاڵی کەرکووک: لە دوو رۆژدا سێ هەزار تۆن گەنممان وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک 750 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، پێشبینی دەکەن بڕی بەرهەمی ئەم ساڵیان بگاتە 600 هەزار تۆن، حکومەت بەڵێنی پێداون لە دەرەوەی پلانیش گەنمی جووتیاران وەربگرن.
لە پارێزگای کەرکووک سێ شوێن بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریکراون، ئەوانیش بریتین لە سایلۆی ناوەندیی کەرکووک، کۆمەڵگەی کۆگاکانی ریاز و کۆمەڵگەی تازە. لە 10ی ئایاریشەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کەرکووک کراوە.
مەهدی زەینلعابدین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک بە رووداوی گوت: "تاوەکو دوێنێ سایلۆکانمان 3 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە."
بە گوتەی مەهدی زەینلعابدین جگە لەو 750 هەزار دۆنم زەوییەی چێندراوە، نزیکەی 300 هەزار دۆنمیش لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ چێندراوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک دڵنیایی دایە جووتیاران کە هەموو گەنمەکەیان لێ دەکڕدرێتەوە: "دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک قسەم کرد و پشتڕاستیکردەوە کە گەنمێکی زۆر لە جووتیاران وەرگیراوە و چەکیان بۆ کراوە، چونکە ئەوە رێنمایی سەرۆکوەزیرانە و لەگەڵ سەرۆکی سایلۆ قسەم کرد و پشتڕاستیکردەوە کە جووتیاران لە هەمان رۆژ پارەکانیان وەرگرتووە."
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە یەک تۆن گەنمی پلە یەک بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران بکڕێتەوە. مەهدی زەینلعابدین دەڵێت: "پلەبەندی بۆ گەنمەکە پەیوەستە بە تاقیگەکانی سایلۆی کەرکووک، ئێمە ساڵی رابردوو 800 هەزارمان دەدا بۆ هەر تۆنێک، ئەگەر ئەم ساڵ بەرهەمەکە باش بێت و دەنکۆڵەی خراپی تێدا نەبێت ئەوە 850 هەزار دەدرێتە جووتیارەکە.
ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کەرکووک 450 هەزار تۆن بوو و سەرجەمی لە جووتیاران کڕدرایەوە. بە گوتەی بەرپرسەکەی کشتوکاڵ 90 هەزار تۆن گەنمیش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە جووتیاران کڕدرایەوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک ئاماژەی بە پاڵپشتیەکانیان بۆ جووتیاران کرد و گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ پەینی بە جووتیاران دا، هەروەها پێدانی دەرمانی قڕکەری مێروولە و بە گوێرەی ئەو ئافاتانەی لەنێو بەرهەمەکان بڵاودەبوونەوە، هەروەها بنەتۆی گەنم و گازوایلیشی بە جووتیاران دەدرا بە گوێرەی رووبەری چێندراو."
مەهدی زەینلعابدین گوتیشی: "هاوئاهەنگیمان هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی لە کەرکووک 850 دەڕاسە بەشدار دەبن لە دروێنەی گەنم لە کەرکووک و گاز بە خاوەنی دەراسەکان دەدرێت و بڕی 3 هەزار لیتر گازمان بە جووتیاران دا بۆ ئەوەی دروێنەی گەنم بیخەنە دەراسەکانیانەوە."