وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری عێراق، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی عێراق دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت کۆبوونەوەکە بۆ روونکردنەوەی بڕیارەکانی دادگە و تێگەیشتنە لە بڕیارەکان.
 
رۆژی سێشەممە 12ـی ئاداری 2024 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، پێویستە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پەلە بکەن لە بەجێکردنی (بەبانکیکردن)ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش پێویستی بە کاتە، هەر بۆیە ئەو فەرمانبەرانەی هەژماری بانکییان بۆ نەکراوە، پێویستە مووچەکەیان بە کاش پێبدرێت تاوەکو پڕۆسەی بەجێکردنەکە تەواودەبێت.
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: سەرۆککۆمار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگەی فیدراڵی لە هەوڵی بەردەوام بووە بۆ روونکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، چونکە بڕیارەکە لقی زۆری لێدەبێتەوە، سیستمی بەجێکردنی یەک ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆر بە شەش مانگیش ناکرێت و کارێکی ئاسان نییە.
 
هاوڕێ تۆفیق گوتیشی، سەرۆککۆماری عێراق لە ماڵی خۆی لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی باسی لەوەکرد؛ لە بڕیارەکەدا ئەوەی چەسپاندووە عێراق سیستمێکی فیدراڵییە، کە پێکهاتووە لە هەرێمەکان و پارێزگاکان، قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی پارێزراوە.
 
رۆژی 11ـی ئاداری 2024 وەزارەتی دارایی عێراق، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئاگادارکردەوە، خەرجکردنی مووچە بۆ مانگی شووباتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەڵام "بەو پێیەی میکانیزمی بەجێکردنی مووچە پێویستی بە کاتە، ئەم مانگە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرن، بەڵام مووچەی مانگی ئادار خەرج ناکەن، تاوەکو بەجێکردنی مووچە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە تەواو دەکرێت.
 
هاوڕێ تۆفیق، باسی لەوەشکرد، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی پێیگوتین، بۆیە بەجێکردنی مووچەیان لە بڕیارەکەی دادگەدا داناوە، تاوەکو مووچەی فەرمانبەران لە ململانێیەکان دووربخرێتەوە، ئەو بەجێکردنە لە رێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە بکرێت.
 
لەبارەی راگەیێندراوەکەی دادگەی فیدراڵیشەوە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دادگەی فیدراڵی رایگەیاند، راگەیێنراوێک دەردەکەن و دواتر راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە، ئەوانەی بەجێکردنی مووچەکانیان تەواونەکراوە بە کاش مووچەکانیان پێدەدرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، جەختیکردەوە: بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت و لە راگەیێندراوەکەشدا ناوی وەزارەتەکەی وەک خۆی هێناوە؛ ''وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەجێکردنەکە بەهەماهەنگیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەبێت.''
 
سەبارەت بە نەناردنی بەشێکی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هاوڕێ تۆفیق، گوتی: نەناردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بەهۆی نەناردنی لیستەکانیانەوەیە، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لیستی مووچە دەنێرن، بەڵام لە هەوڵداین ئەو بابەتە چارەسەر بکەین.
 
هاوڕێ تۆفیق، دەڵێت "لێکتێگەیشتنەکان بەو ئاراستەیە رۆیشتوون؛ هەفتەی داهاتوو وەزیری دارایی عێراق و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کۆببنەوە، بۆ باسکردن و روونکردنەوەی وردەکارییەکان. کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری عێراقە، لە کۆبوونەوەکەدا دەبێت گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێت."
 
دەشڵێت: پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکێکی فیدراڵی بکەن بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران، تاوەکو مانگی سێ چەند فەرمانبەر تۆمارکرا مووچەکەی لە بانک وەربگرێت ئەوانی دیکە بە کاش تاوەکو هەمووان تۆمار دەکرێن.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 12ـی ئاداری 2024 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "حکومەتی عێراق تەنیا 59٪ـی کۆی پارەی مووچەی خستووەتە سەر هەژمارەکەمان. ئەم رێکارەی حکومەتی عێراق 390 ملیار دینار کورتهێنان دروست دەکات". ئاماژەی بەوەش کردبوو، "ئەو بڕە پارەیەش کە خراوەتە سەر هەژمارمان هێشتا نەگەیشتووە."
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چوارچێوەی "پڕۆژەی هەژماری من، لەمێژە دەست بە بەجێکردنی مووچە کراوە" و دەڵێت، "نابێت رێکارەکانی بەغدا ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە بەغدا مەرجی پەکخەر بۆ  هەرێمی کوردستان دانەنێت."