بانکێکی عێراق: دەتوانین رۆژانە تەنیا 50 بۆ 100 هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا 13 رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی وەزیری دارایی عێراق دیاریکرد تاوەکو هەژماری بانکیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بۆ ئەوەی لەدوای مانگی شووباتەوە مووچەیان بۆ بنێرێت. یەکێک لەو بانکانەی کە لە عێراق هەژماری بۆ مووچەی مووچەخۆران کردووەتەوە دەڵێت، "دەتوانین رۆژانە تەنیا نزیکەی 100 هەژماری بانکی بکەینەوە." کۆمپانیای کی کاردیش رایدەگەیێنێت، نوێنەری بانکی رافیدەینن لە هەرێمی کوردستان و "بە ئاسانی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە."
 
ئەمڕۆ 13-03-2024 بووڵتەنی ئابووری دیبەیتێکی تایبەت بوو بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا هیچ بانکێک دیاری نەکراوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە. محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری دیبەیتەکە بوو، میوانەکانی هەریەکە لە د. ئەرشەد تەها، راوێژکاری دارایی پەرلەمانی کوردستان؛ قەحتان عەدنان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کی کارد - لقی هەولێر و مەیسەم میرزا حەمزە، بەڕێوەبەری بانکی خەلیج - لقی هەولێر بوون.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، تەنیا بانکە حکومییەکان دەتوانن هەژماری بانکی بکەنەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. د. ئەرشەد تەها، راوێژکاری دارایی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، "لە دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی نییە بانک دیاری بکات بۆ کردنەوەی هەژماری مووچەخۆران، بەڵام بڕیارەکەی داوە و بەو بڕیارە بانکەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵاوێر کردووە، لە کاتێکدا سەرجەمیان لە بانکی ناوەندی مۆڵەتیان وەرگرتووە."
 
گوتیشی، "بەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، دەسەڵاتی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوەتەوە، لە داهاتوودا تەنانەت پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت یاسای بودجە دەربکات."
 
 
کۆمپانیای کی کارد، کە لە ساڵی 2007ـەوە لە عێراق کراوەتەوە، دەستی بە کردنەوەی هەژماری دیجیتاڵی بانکی کردووە و زیاتر لە هەشت ملیۆن بەشداربووی لە عێراق هەیە. نزیکەی 12 هەزار دەروازەیان هەیە کە مووچەخۆر دەتوانێت تێیاندا بە کاش مووچەکەی وەربگرێت، لەو ژمارەیە 300 لقیان لە هەرێمی کوردستانن.
 
قەحتان عەدنان، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمپانیای کی کارد دەڵێت، "ئێمە نوێنەری بانکی رافیدەینین لە هەرێمی کوردستان، زۆر بە ئاسانی لە کاتی کردنەوەی هەژماری مووچەخۆران لە بانکی رافیدەین، مانگانە مووچەخۆران لە رێگەی ئێمەوە دەتوانن پارەکانیان بە کاش وەربگرن یان بە دیجیتاڵی بۆ خەرجی بەکاریبهێنن."
 
بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمپانیای کی کارد گوتیشی، "لە کاتێکی کەمدا دەتوانین هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەینەوە."
 
"لە رۆژێکدا دەتوانین نزیکەی 50 بۆ 100 هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دروستبکەین"
 
ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 1.2 ملیۆن کەسە و خەرجیی مووچەیان نزیکەی 940 ملیار دینارە، یەکێک لەو بانکانەی لە بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشداربووە، بانکی خەلیجە.
 
مەیسەم میرزا حەمزە، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی خەلیج دەڵێت، "هەموو بانکێک دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بکاتەوە، حەز دەکەین لە پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکیی مووچەخۆران بەشداربین و لە رۆژێکدا دەتوانین 50 بۆ 100 هەژماری بانکی بکەینەوە."
 
مەیسەم میرزا ئاماژەی بەوەش کرد، "دەتوانن ئامێری ATM لەناو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دابنێن."
 
21ی شووباتی 2024 دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێت راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە.
 
پاش بڕیارەکەی دادگە وەزارەتی دارایی عێراق جیاواز لە مانگەکانی دیکە رایگەیاند، پارە بۆ مووچە دەنێرێت، بەڵام باسی قەرز و تەمویلی نەکرد، دواتریش 59%ی مووچەکەی نارد.
 
راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "عێراق هۆکاری نەناردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی گەڕاندووەتەوە بۆ نەناردنی داهاتی هەرێمی کوردستان و دەڵێن، هیچ پارەیەکی نەخستووەتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی بۆی کراوەتەوە، باس لەوە دەکەن لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی نێوخۆی نەناردووە، لە بەرامبەردا ئەوانیش بەشێکی مووچەی هەرێمی کوردستانیان نەناردووە."
 
لەبارەی ئەوەی کە جیاوازی هەیە لەنێوان زانیارییەکانی "هەژماری من" لەگەڵ کردنەوەی ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات بۆ مووچەخۆرانی سەربازی و ئەمنی؛ ئەرشەد تەها گوتی، "هیچ جیاوازییەکانی نییە، مەگەر حکومەتی عێراق داوای زانیاریی زیاتر بکات، ئەوە وەزارتی پێشمەرگە دەبێت وەڵامی خۆی هەبێت."
 
عمولەی هەژماری مووچەخۆر کەمترە لە هەژمارەکانی دیکە
 
ئەگەر مووچەخۆر بیەوێت مووچەکەی بە کاش وەربگرێت، دەبێت بچێتە دەروازەکانی کاش یان لە رێگەی ئامێری ATM و POS پارەکەی رابکێشێت، لەو کاتەدا عمولەی لەسەر هەژمار دەکرێت.
 
مەیسەم میرزا حەمزە، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی خەلیج دەڵێت، "عمولەی ئەو هەژمارانەی بۆ مووچەخۆران دەکرێتەوە کەمترە لەوانی دیکە و بە رێککەوتن دەکرێت لەگەڵ حکومەت."
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کی کارد - لقی هەولێریش دەڵێت، "تێچووی کردنەوەی هەژماری بانکی لە کی کارد بۆ کارمەند و فەرمانبەرانی خانەنشین 10 هەزار دینارە، بەڵام بۆ کردنەوەی هەژماری تایبەت و کەسی لە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرین. هەروەها راکێشانی یەک ملیۆن دینار بە کاش لە دەروازەکانی کۆمپانیاکە تێچووەکەی سێ هەزار دینارە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا بانکی خەلیج داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لە پرۆژەی "هەژماری من" بەشداربن.
 
بەڕێوەبەری لقی بانکی خەلیج لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بانکەکەیان هەموو خزمەتگوزارییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەردەستە و لەکاتی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بانکەکەیان ئەوانیش دەگرێتەوە."
 
بانکی خەلیج ساڵی 1999 دامەزراوە 19 لقیان لە پارێزگاکانی عێراق هەیە؛ لە هەولێر و دهۆکیش لقیان هەیە.