سزاکانی ئەمریکا مەترسی لەسەر هەناردەی نەوتی رووسیا دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگی رابردوودا ئەمریکا 50 کەشتی نەوتهەڵگری رووسیای سزاداوە و ئێستا کەمتر لە نیوەیان کاردەکەن، ئەوەش کێشەی بۆ هەناردەی نەوتی رووسیا دروستکردووە.
لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2023دا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نزیکەی 50 کەشتیی نەوتهەڵگری خستە لیستی سزاکانەوە.
بەپێی دامەزراوەکانی چاودێریی کەشتییەکان، لەو کاتەوە نزیکەی نیوەی ئەو کەشتییانە بەهۆی سزاکانەوە نەیانتوانیوە هیچ نەوتێک لە رووسیاوە باربکەن.
لە کۆی ئەو 50 کەشتییە نەوتهەڵگرە، 18یان نەوتیان بارکردووە.
بەپێی دامەزراوەکانی چاودێریی کەشتییەکان، لەکۆی ئەو 18 کەشتییەش کە نەوتیان بارکردووە، 9یان کەشتی بچووکن و 9ی دیکەیان هاوشێوەی پێشوو نەوتیان بارکردووە.
بەو پێیە، لە 5 مانگی رابردوودا زیاتر لە 30 کەشتیی نەوتهەڵگر کە نەوتی رووسیا دەگوازنەوە بێکار بوون.
ئێریک ڤان نۆستراند، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەوەکالەت بۆ سیاسەتی ئابووری لەو بارەیەوە دەڵێت، "دامەزراوە سەربەخۆکان، شرۆڤەکارانی بازاڕ و رووسییەکانیش ئاماژە بەو راستییە دەکەن کە دیاریکردنی نرخی نەوتی رووسیا هەردوو ئامانجمان بەدی دەهێنێت؛ بێبەشکردنی رووسیا لەو قازانجەی بواری وزە کە بۆ شەڕە نایاساییەکەی پێویستیەتی، لەگەڵ برەودان بە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە".
هاوکات لە دوو مانگی رابردوودا 14 کەشتی نەوتهەڵگر کە نەوتی جۆری سۆکۆڵی رووسیایان هەڵگرتووە و بڕیار بووە بۆ هیندستان هەناردەی بکەن، نەیانتوانیوە بەهۆی سزاکانەوە نەوتەکە بگەیێنن و نیوەیان گەڕاونەتەوە؛ بەشێکیشیان لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی سەنگاپوور لەنگەریان گرتووە.
سەرەتای مانگی رابردوو، هاردیپ سینگ پوری، وەزیری نەوتی هیندستان رایگەیاند، سەپاندنی نرخێکی دیاریکراو بەسەر نەوتی رووسیا و سزادانی بەشێک لە کۆمپانیاکان بەهۆی هەڵگرتنی نەوتی رووسیاوە، کێشەی هەناردەی نەوتی بۆ بەندەرەکانی هیندستان دروستکردووە.