بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر: لەمڕۆوە لە فڕۆکەخانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، لەمڕۆوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەبێت و هیچ گەشتیارێکیش ناتوانێت لە 7 هەزار دۆلار زیاتر بباتە دەرەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 13-2-2023، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی گوت:" بانکی ناوەندیی عێراق رەزامەندی بە بانک داوە لەمڕۆوە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران بفرۆشێت".
 
ئەحمەد هۆشیار گوتیشی، لە چەند کاژێری داهاتوودا وردەکاریی ئەو بابەتە لە راگەیێندراوێکدا بڵاودەکەنەوە
 
دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەبارەی فڕۆشتنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بە رووداوی گوت :"فڕۆکەخانە ئامادەکاریی تەواوی کردووە دوای تەواوبوونی رێکارە کارگێریی، یاسایی و داراییەکانی ئەو بانکانەی کە رێگەپێدراون بۆ ئەو بابەتە، فڕۆخەکانە بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا لقی ئەو بانکانە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی گەشتیاران لێی سوودمەندبن".
 
رۆژی شەممە، 11-02-2023، بانکی رافیدەین کە بانکێکی حکومییە، لەبارەی فرۆشتنی دۆلار گوتی، دەبێت گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی بەغدا پاسپۆرت، تیکتی فڕۆکە و تیکتی سەرکەوتنە نێو فڕۆکە پێشکێش بکەن. 
 
بە گوێرەی بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق، هەر گەشتیارێک دەتوانێت تاوەکو 7 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمیی و بە 1320 دینار وەربگرێت. ئەمە وەک بانکی رافیدەین بڵاویکردووەتەوە. 
 
بانکی رافیدەین دەشڵێت، دەبێت گەشتیاران ماستەرکارد و پسووڵەی KYC یان هەبێت. KYC فۆرمێکە بۆ رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر پڕدەکرێتەوە، بەئامانجی رەخساندنی ژینگەیەکی کاری ئارام و متمانەپێکراوە.