بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو گازەی بەرهەمدەهێنرێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت و "بەردەوامین لە پەرەپێدانی کێڵگەکان، ئێستا رۆژانە 500 مەقبەق(ملیۆن پێ سێجا) گاز بەرهەمدەهێنرێت، چاوەڕوان دەکەین تاوەکو ساڵێکی دیکە بگەینە نزیکەی 700 مەقبەق، ئەو زیادکردنەش 100٪ بۆ کەرتی کارەبا دەبێت."
 
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد گوتی: "هیچ گرفتێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نییە و هەموو لایەکمان پابەندین بە یاسای نەوت و گاز، نابێت گرفتی حیزبی بهێنرێتە نێو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: پەیوەندییەکانی خۆت و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت چۆنە؟ کارەکانتان چۆنە پێکەوە؟

 

ئەحمەد موفتی: ئێمە لە وەزارەت وەکو یەک تیم کار دەکەین، رۆژانە لەگەڵ کاک کەمال لەسەر هێڵین و کارەکانمان رادەپەڕێنین بەپێی بەرنامەی وەزارەتمان، پەیوەندییەکانمان باشە.
 
رووداو: کاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرتاسەرییە لە هەرێمی کوردستان؟ وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووری سلێمانیدا هەیە؟ ئەحمەد موفتی دەسەڵاتی بەسەر بیر و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری هەولێر و دهۆکدا هەیە؟
 
ئەحمەد موفتی: ئێمە بەپێی یاسای نەوت و گاز کاردەکەین و هەموومان پابەندین بەو یاسایەوە، شێوازی ئیدارەدانی نەوت و گاز بە جۆرێکە ئێمە چاودێرین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وەزارەتی نەوتی عێراقی نییە کۆمپانیایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، ئێمە گرێبەستمان هەیە؛ گرێبەستەکانیشمان هاوبەشن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کە پێیان دەگوترێت(PSC) کۆمپانیا نەوتییەکان دێن وەبەرهێنان دەکەن و لە بەرهەمدا حکومەت و کۆمپانیا بەپێی گرێبەست بەشدارن ئەو کارانەش رۆژانە لەگەڵ تیمەکانی وەزارەت رادەپەڕێنین.
 
رووداو: هەندێک گرفت لە بەشێکی وەزارەتەکان لە نێوان تیمی پارتی و یەکێتی هەیە، ئەو گرفتانە لای ئێوە نییە؟
 
ئەحمەد موفتی: گشتاندن خراپە، وەزارەتەکان جیاوازن لە کاردا، پێم باش نییە بچینە نێو گرفتی حیزبییەوە لە بابەتی نەوتدا، چونکە لەبابەتی نەوتدا تەنیا دوو حیزب نییە بەڵکو کۆمپانیا نەوتییەکانیشمان لەگەڵدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی دەرکردووە هەموومان پێوەی پابەندین، ئەوەش وایکردووە کۆمپانیاکان بێن وەبەرهێنان بکەن و پابەندیش بن، من ئێستا زیاتر لەسەر گاز کاردەکەم، بۆ نموونە؛ ئەو گازەی هەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بووە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بووە، ئەوەش نە پەیوەندی بە هەولێر و نە بە سلێمانی نییە، کارەباکە بۆ هەموو لایەکە.
 
رووداو: بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە عێراق کردووە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە و تورکیاش دەڵێت بۆرییەکە ئامادەیە، بۆ تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووە؟
 
ئەحمەد موفتی: پێم باشە ئەو پرسیارە لەسەر ئاستێکی باڵا بکرێت، چونکە جەنابی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت لە بەغدا بوون و ئاگەداری رێککەوتن و ورەکارییەکانن، ئێمە لەو شاندە نەبووین باشتر وایە چاوەڕوانی بەیاننامەی فەرمی هەردوو حکومەت بین، ئەوان وردەکارییەکانیان لایە و ئەوان وەڵام بدەنەوە باشترە.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوو هۆشداری دەدرا لەوەی ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێنەکاتەوە گرفت بۆ بیرە نەوتەکان دروست دەبێت و دەپووکێنەوە، گرفت بۆ بیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە؟
 
ئەحمەد موفتی: پرسیارێکی قورسە، گرفتەکە بەو جۆرە قورس نییە کە نەتوانین نەوت لە بیرەکان دەربهێنین، گرفتەکە ئەوەیە دوو مۆدێلی جیاوازی دەرهێنانی نەوت هەیە، بۆ نموونە ئێمە نەوت دەردەهێنین لەنێو شاخ، ئەوە جیاوازە و بێگومان نرخی گرانترە لەوەی تۆ نەوت دەربهێنی لە مەجنوون یان لە روومەیلە کە ئاسانترە، ئەوەی ئێمە بە پارەی کۆمپانیا بیانییەکان کراوە ئەوان وەبەرهێنانیان کردووە و مەترسی ئابوورییان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بێن نەوت دەربهێنن، بێگومان ئەو کۆمپانیایانە ئەزموونیان هەیە و دەزانن چۆن کێڵگە نەوتییەکان بەڕێوەببەن، ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە چاوەڕوان دەکەین بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکان بگاتەوە ئاستی خۆی.
 
رووداو: ئێستا رۆژانە چەند بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەکەن؟
 
ئەحمەد موفتی: وردەکارییەکان نازانم ئێستا.
 
رووداو: عێراقیش گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت هاوبەشە، بەڵام بۆچی بۆ هەرێمی کوردستان 6 دۆلاری داناوە بۆ هەر بەرمیلێک؟
 
ئەحمەد موفتی: کێڵگەیەکی نەوتی لە رووی جیۆلۆجییەوە زۆر ئاسان بێت نەوت دەرکەی بۆ هەر بەرمیلێک نرخێکی هەرزانی دەبێت، جیاوازە لەوەی تۆ بڕۆی لە یەکێک لە شاخەکانی کوردستان نەوت دەرکەی یان لەو ناوچانەی جیۆلۆجیەکەیان ئاڵۆزە، تا ناوچەکەی ئاڵۆزتر بێت سەرکێشییەکەی زیاتر دەبێت و تێچووی زیاتری دەبێت، لە سێ هەزار مەتر نەوت دەرکەی جیاوازە لەوەی لە 700 مەتر نەوت دەرکەی، ناکرێت تێچووی کێڵگەی روومەیلە یان مەجنوون بکەیتە پێوەرێک ئەو وەبەرهێنانەی لە کوردستان کراوە، ئەم بابەتە دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ئێستا تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە لە گفتوگۆدان.
 
رووداو: عێراق ئامادەیە لەو 6 دۆلارە زیاتر بدات؟
 
ئەحمەد موفتی: نازانم، بەڵام دانانی ئەو بڕە پارەیە دادپەروەرانە نییە و ناحەقییەکی گەورەیە.
 
رووداو: ئێستا نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت، نەوت بە تانکەر دەچێتە دەرەوە؟
 
ئەحمەد موفتی: ئاگەدار نیم نەوت بە تانکەر رۆشتبێتە دەرەوە، بەڵام ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان دەفرۆشرێت.
 
رووداو: ئەو بەنزینەی لە پاڵاوگەکان بۆ عێراق دەنێردرێت نەوتەکەی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات؟
 
ئەحمەد موفتی: عێراق خۆی دەزانێت بەپێی چ پێوەرێک لەگەڵ پاڵاوگەکان رێککەوتووە و گرێبەستی کردووە، بەڵام بابەتی بەنزین ئاڵۆزە، چونکە حکومەتی عێراق بەو پشتگیرییە بۆ بەنزینی دەکات نرخی بەنزین دەهێنێتە خوارەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتگیری کردنی نرخی بەنزین باش نییە، چونکە کاتێک تۆ پشتگیری نرخی بەنزین دەکەی وا دەکەی بەکارهێنانی بەنزین زیاد بکەی، بەنزین تەنیا لە کوردستان گران نەبووە، بەڵکو لە هەموو جیهان گرانبووە کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە نرخی بەنزین و گازوایل بەرزدەبێتەوە، بەنزین تەنیا ئەو کاتە هەرزان دەبێت کە حکومەت خۆی پشتگیری بکات.
 
رووداو: کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت؟
 
ئەحمەد موفتی: بەڵێ
 
رووداو: لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت؟
 
ئەحمەد موفتی: بەڵێ
 
رووداو: دەگوترێت بەشێک لە کێڵگە دەدرێت بە چەند بەرپرسێکی عێراق ئەوە راستە؟
 
ئەحمەد موفتی: نەخێر راست نییە.
 
رووداو: دەگوترێت هەندێک بەرپرسی عێراق لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر پشکیان هەیە؟
 
ئەحمەد موفتی: کێڵگەی گازی کۆرمۆ لەلایەن کۆمپاینای 'پێرڵ' بەڕێوەدەبرێت، کۆمپانیای پێرڵ 35٪ پشکی کۆمپانیای دانەگازە، کۆمپانیای دانەگاز لە بۆرسەی ئیمارات تۆمارکراوە، هەر کۆمپانیایەک لەو بۆرسەیە تۆمارکرابێت دەبێت زۆر شەفاف بێت، راپۆرتی کۆتایی خۆی ساڵانە پێشکەشی هاوبەشەکانی بکات، راپۆرتی خۆی و راپۆرتی هاوبەشەکانی، بۆیە شتی لەو جۆرە نییە چونکە راپۆرتەکان هەمووی بڵاوکراوەتەوە، رۆژانە یەک ملیۆن پێی سێ جا گاز دەردەهێنرێت، ئەوەش لە رێگەی بۆری گازەوە دەڕوات بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان، نزیکەی رۆژانە نزیکەی 3,400 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین، ئەو بەرهەمهێنانەش ٪85 لە گاز بەرهەمدەهێنرێت، 
 
رووداو: زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بەردەوامە؟
 
ئەحمەد موفتی: بەردەوامین لە پەرەپێدانی کێڵگەکان ئێستا رۆژانە 500 مەقبەق(ملیۆن پێ سێجا) بەرهەمدەهێنرێت چاوەڕوان دەکەین تاوەکو ساڵێکی دیکە بگەینە نزیکەی 700 مەقبەق، ئەو زیادکردنەش 100٪ بۆ کەرتی کارەبا دەبێت.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان کەی دەگاتە ئەوەی گاز هەناردەی دەرەوە بکات؟
 
ئەحمەد موفتی: هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان بۆ ئێستا دوورە لە 'راستی' واقع، ئێستا کارەبا 24 کاژێری نییە، بۆ ئەوەی کارەبا بکرێتە 24 کاژێری، دەبێت نزیکەی 1500 مەقبەق (ملیۆن پێی سێجا)  گاز دەربهێنی، دوای ئەوە کەرتی پیشەسازی هەیە، ئێستا لە بازیان رۆژانە سێ هەزار تۆن نەوتی رەش دەسووتێت بۆ کارگەکانی ئاسن و چێمەنتۆ، ئەگەر ئێمە کارەبا بکەینە 24 کاژێر و پیشەسازی بکەینە گاز و کارگەی پترۆکیمیای دابنێێن، بتوانین گازی ماڵان بە تەواوی دابنێین دوای ئەوە دەکرێت هەناردە بکرێت، بەڵام لە ماوەی پێشوودا باسەکە بەشێوەیەک دەکرا پێش ئەوەی پێداویستی نێوخۆ پڕ بکرێتەوە باس لە هەناردەکردنی کرا.
 
رووداو: پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چییە بۆ دابەشکردنی نەوتی ماڵان؟
 
ئەحمەد موفتی: هاوشێوەی پلانی ساڵانی پێشوو دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات و پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات، دواتر پلانەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە رادەگەیێندرێت.