لەکاتی داخستنی بازاڕی دراو لە هەولێر 100 دۆلار بە زیاتر 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا
روواو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، 12-09-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو لە هەولێر، 100 دۆلار بە 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە کرا و لەکاتی داخستنیش بە 156 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوە کرا، واتە گۆڕانکارییەکی زۆر رووینەدا.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 201.3 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو کە 137.2 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و 64.1 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش (نەختینە) بوو.
حاجی سابیر باواجی دەڵێت، "ئەو بڕەی بانکی ناوەندیی عێراق خستیەڕوو، بەراورد بە رۆژانی رابردوو زیاتر بووە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەهای دینار نەبوو. هۆکارەکەش ئەوەیە، ئەو بڕە پارەیەی بانکی ناوەندیی عێراق دەیخاتەڕوو لە بازاڕەکان نابینرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر پێشبینی دەکات بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە رۆژانی داهاتوودا لە دەوروبەری 156 هەزار دینار بمێنێتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.