بەرپرسی گومرگەکانی کرماشان: زیاترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوەیە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، زیاترین هەناردەی ئێران لە رێگەی وشکانییەوە لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەیە و لە پێنج مانگی رابردووشدا، دوو ملیۆن و 969 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای یەک ملیار و 176 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەکانی کرماشانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا 7 ملیۆن و 999 هەزار تۆن کەلوپەل لە دەروازە سنوورییەکانی ئێرانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، لەو ژمارەیەیە دوو ملیۆن و 969 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای یەک ملیار و 176 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، لەو پێنج مانگەدا 38٪ـی هەناردەی ئێران لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە، بۆیە لە رووی هەناردەکردنەوە، کرماشان لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت.
 
بە گوتەی عەباسزادە، لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشانیش زۆرترین هەناردە لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە، کە یەک ملیۆن و 53 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 395 ملیۆن و 62 هەزار دۆلار لە رێگەی ئەو سنوورەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
 
سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی دیکەش گوتی، لە رێگەی دەروازەی سنووریی سوومارەوە 671 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 296 ملیۆن و 155 هەزار دۆلار، لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵە 266 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 140 ملیۆن و 492 هەزار دۆلار و لە سنووری شووشمێش 134 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 15 ملیۆن و 791 هەزار دۆلار کەلوپەل هەناردە کراوە.
 
بەرپرسەکەی پارێزگای کرماشان هەروەها دەڵێت، ئەو کەلوپەلانەی کە لەو دەروازە سنوورییانەوە هەناردە کراون بریتین لە ئاسن، شیشی ئاسن، کاشی، سیرامیک، بەرد، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و سەوزە و میوە.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سێیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوومێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.