دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی هەفتەی داهاتوو لە سایلۆکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستدەکرێت بە دابەشکردنی دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیاران.
رۆژی 09-10-2023، دوایین چەکی شایستەی دارایی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان کە پارێزگای سلێمانی 77 ملیار و 374 ملیۆن دینار، هەولێر، 51 ملیار و 186 و 681 هەزار و دهۆک 38 ملیار و 963 ملیۆن و 509 هەزارە.
سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ چەکەکانمان بەدەست گەیشتووە و دەینێرینە بانک، رێکاری بانکیش دوو بۆ سێ رۆژێکی دەوێت، واتا دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی هەفتەی داهاتوو."
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئەمساڵ 145 هەزار تۆن گەنم لە نزیکەی چوار هەزار و 342 جووتیاری پارێزگای هەولێر وەرگیراوە، کە کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیارانیش بڕی 119 ملیار و 186 ملیۆن و 681 هەزار دینارە.
لە سلێمانیش هەفتەی داهاتوو دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت. کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، رێکاری بانکی بۆ وەرگرتنی پارە نزیکەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژێک دەخایێنێت، بۆیە رەنگە تاوەکو هەفتەی داهاتوو درێژەبکێشێت و رۆژی چوارشەممە 18ـی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی دوایین بڕە پارەی گەنمی جووتیاران بکرێت.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە 230 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، ئەو بڕە گەنمە لە نزیکەی 15 هەزار جووتیار وەرگیراوە و بڕی پارەکە 189 ملیار و 374 ملیۆن دینار بووە.
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ چەکی دوایین شایستەی دارایی جووتیارانمان بەدەست گەیشت و نێردراوەتە بانک تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو رێکارەکان تەواو دەبێت و هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە دابەشی دەکەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک، ئەمساڵ 125 هەزار تۆن گەنمیان لە سێ هەزار و 976 جووتیار وەرگرتووە کە شایستەکانیان 102 ملیار و 463 ملیۆن و 509 هەزار دینار بووە.
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانیەوە، بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ بەرهەم زۆر بوو و حکومەتی عێراق تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت کە کۆی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 411 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دینار بوو.