کۆنفرانسی بیتکۆین بەڕێوەدەچێت؛ ترەمپ قسەکەرێکی سەرەکییە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ترەمپ بەشداریی کۆنفرانسی بیتکۆین بۆ ئەم ساڵ بکات و تێیدا یەکێک بێت لە قسەکەرە سەرەکییەکان.
 
رێکخەرانی کۆنفرانسەکە رایانگەیاندووە، 27ـی ئەم مانگە لە شاری ناشڤیل لە ئەمریکا کۆنفرانسی بیتکۆین 2024 بەڕێوەدەچێت. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سەرۆکی پێشوو، یەکێک دەبێت لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە.
 
ترەمپ خۆی وەک پشتیوانێکی دراوە دیجیتاڵییەکان دەناسێنێت و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا دەڵێت، کۆتایی بە سەرکوتکردنی نایاساییانەی دراوە دیجیتاڵییەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە دەهێنێت.
 
ئیدارەی بایدن پێشتر رایگەیاندبوو، لەگەڵ کۆنگرێس کار دەکەن بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنفرانسەکەدا ترەمپ جەخت لە هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی دراوە دیجیتاڵییەکان بکاتەوە.
 
مانگی رابردوو لە ئیڤێنتێکدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیری لە دروستکردن [ماینینگ]ـی بیتکۆین دەکات. خۆشی بە "سەرۆکی دراوە دیجیتاڵییەکان" ناوبرد.
 
ئەمە وایکردووە کەسایەتییە دیارەکانی بواری دراوە دیجیتاڵییەکان پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپ بکەن.
 
جگە لە ترەمپ، چەندین کەسایەتیی دیکەی دیار لە کۆنفرانسی بیتکۆینی ئەم ساڵ بەشدار دەبن، لەوانە رۆبێرت ئێف کەنەدی، بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ڤیڤێک راماسوامی، وەبەرهێنەری دیاری ئەمریکی و هەریەک لە بیڵ هاگێرتی و مارشا بلاکبێرنی سیناتۆری کۆماری.
 
لە ئەگەری سەرکەوتنی، چاوەڕوان دەکرێت بوونەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا و جیهان هەبێت و برەوی زیاتریان پێبدرێت.