گەورە بانکێکی ئەمریکی: نرخی زێڕ و خواست لەسەری بەرزدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

گەورە بانکێکی ئەمریکی دەڵێت، خواست لەسەر زێڕ زیاد دەکات و نێوەڕاستی 2025ـیش رەنگە نرخەکەی بگاتە 3 هەزار دۆلار.
 
شرۆڤەکارانی سیتی بانکی ئەمریکی دەڵێن، پێدەچێت خواست لەسەر زێڕی فیزیکی [بەرجەستە] لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە چارەکی یەکەم تۆزێک خاو ببێتەوە، بەڵام "هێشتا بناخەکەی بەهێزە." 
 
شرۆڤەکارانی بانکەکە دەشڵێن، زیادبوونی بەکارهێنانی زێڕ بۆ ئەمساڵ هێشتا ئەرێنییە. ئەوەش رەنگە لە شەش مانگی دووەمی ئەم ساڵدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە تێكڕا بگەیێنێتە 2 هەزار و 400 بۆ 2 هەزار و 600 دۆلار. بەتایبەتیش کە "وەبەرهێنەرانی بازاڕە داراییەکان، کێبڕکێ دەکەن زووتر پێڕابگەن." 
 
پێشبینیی زیادبوونی خواست لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندیی چین کە گەورەترین کڕیاری زێڕە لە جیهان، لە دوو مانگی رابردوودا هیچ زێڕێکی نەکڕیوە.
 
لە هەر مانگێکی چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا چین 137 تۆن زێڕی کڕیوە، بەڵام لە هەر مانگێکی سێ چارەکی یەکەمدا 189 تۆن زێڕی کڕیبوو. 
 
سەرەڕای ئەوەش، سیتی بانک دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ تەنیا لە رێگەی وشکانییەوە هەزار و 750 تۆن هاوردە بکرێت. بەوەش رێژەکە بەراورد بە سەردەمی کۆرۆنا [ساڵی 2020] 18٪ زیاد دەبێت.
 
شرۆڤەکارانی سیتی بانک دەڵێن "ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەمان دروست بێت، هاوردەی زێڕ لە لایەن کۆفرۆشانی چینەوە 47٪ـی زێڕی دەرهێندراوی کانەکان پێکدەهێنێت. ئەو رێژەیە لە ساڵانی 2021 بۆ 2023ـدا 34٪ بووە.
 
پێشبینیش دەکەن بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە 5.8٪ زیادببێت و بگاتە هەزار و 100 تۆن. ئەگەریش هەیە بگاتە زیاتر لە هەزار و 250 تۆن.
 
سیتی بانک دەڵێت، لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا پارەی زیاتر دەخرێتە نێو سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ لە بازاڕە داراییەکان، بەتایبەتی ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات.
 
شرۆڤەکارانی بانکەکە دەشڵێن "هێشتا رژدین لەسەر ئەو پێشبینییەی لە 12 مانگی داهاتوودا خواست لەسەر زێڕی فیزیکی زیاددەبێت، بەتایبەتیش کە بەهۆی ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و ناهاوسەنگیی بازاڕی کاری ئەمریکا، خواست لەسەر کانزا زەردەکە زیاددەکات." 
 
سیتی بانک پێشبینی دەکات تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2025، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2 هەزار و 800 بۆ 3 هەزار دۆلار.