کار گرووپ مۆڵەتی پەرەپێدانی لە دوو کێڵگەی نەوتیی نوێ لە عێراق وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق لە گەڕێکی نوێدا مۆڵەتی وەبەرهێنان و گەڕان بەدوای نەوت و گازی بەخشییە کۆمپانیاکان. کۆمپانیای کار دوو کێڵگە و کۆمپانیا چینییەکان پێنج کێڵگەیان وەرگرت، کۆمپانیا ئەمریکییە گەورەکانیش هیچ.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 11-5-2024) لە بەغدا رێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی تەواوکردنی مۆڵەتی پێنجەم و گەڕی شەشەم بۆ وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە و شوێنی دۆزینەوەی نەوت و گاز، بەڕێوەچوو.
 
بلۆکەکانی وەبەرهێنان دەکەونە 12 پارێزگا لە ناوەڕاست، باشوور و رۆژئاوای عێراق. بۆ یەکەمجاریش بلۆکێکی گەڕان بەدوای نەوت لە ئاوی کەنداوی عەرەبیی سنووری عێراق جێگیر دەکرێت.
 
کۆمپانیای کار گرووپ، مۆڵەتی بۆ وەبەرهێنان لە دوو لەو کێڵگە نوێیانە وەرگرتووە. 
 
کۆمپانیای کار لە ساڵی 1999 دامەزراوە و زۆرترین پڕۆژەکانى، لە بوارى نەوت و گاز و بەرهەمهێنانى کارەبایە، یەکێک لە کارەکانى لەو چوارچێوەیەدا چارەسەرکردنى سووتانى گازى هاوەڵى دەرکراوى کێڵگەکانى نەوتە لە هەرێمى کوردستان.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت "کۆمپانیا چینییەکان پەرەپێدانی پێنج کێڵگەی نەوت و گازیان وەرگرتووە."
 
گرووپی ژۆنگمان بۆ نەوت و گازی سرووشتی (ZPEC)، کێڵگەی باکووری رۆژهەڵاتی بەغدای لە بەغدا و کێڵگەی فوراتی ناوەڕاستی لە باشووری پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا وەرگرت.
 
کۆمپانیای 'چینا یونایتد ئینێرجی گرووپ' لە ئۆفەرەکەی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت و گازی فاو لە باشووری بەسرە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. 'ژێنهوا'ـش پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی 'قورنەینی عێراق' لە ناوچەی سنووریی عێراق و سعودیە وەرگرت.
 
زیاتر لە 20 کۆمپانیا بۆ ئەم گەڕەی مۆڵەتدان شایستەییان پێدرابوو و ئۆفەرەکانیان وەرگیرا، لەنێویاندا کۆمپانیای ئەورووپی، چینی، عەرەبی و عێراقی هەن، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکی دیاری ئەمریکیی تێدا نەبوو.
 
لە دوای سعودیە، عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک). لە مانگی ئاداردا رۆژانە 3 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و زیاتر لە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلیی هەناردە کردووە.