بەهای دینار و تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و ئەمڕۆ 100 دۆلار لە زیاتر لە 146 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 145 هەزار و 500 دینار دابەزی.
 
جگە لە رۆژانی هەینی، شەممانیش لە عێراق پشووی فەرمییە. بانکی ناوەندی هیچ دۆلارێک ناخاتەڕوو. بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش داخراون. تەنیا بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کراوەیە.
 
محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکە بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کاتی داخستندا 100 دۆلار بە 145 هەزار و 750 دینار بووە.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 200 دینار بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە بەهای 100 دۆلار گەیشتبووە 146 هەزار و 150 دینار. کەمبوونەوەی حەواڵە بۆ چین ببووە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار.
 
بە گوتەی محەممەد حاجی قادر، ئەمڕۆ ئەو ترسە رەویوەتەوە و خواست لەسەر دینار زیادبووە.
 
هاوشێوەی بەهای دینار، بەهای تمەنیش بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
لەبارەی بەهای تمەنیشەوە ئاڵوگۆڕکارەکە دەڵێت، 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە بە شەش ملیۆن و 50 هەزار تمەنە. بە کاش [نەقد]ـیش بە پێنج ملیۆن و 950 هەزار تمەنە.
 
هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای تمەن دادەنرێت.