نرخی نەوت گەیشتەوە سەروو 81 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت زیاد لە دوو دۆلار بەرزبووەوە. بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتەوە زیاد لە 81 دۆلار. گەورە بانکێکی ئەمریکیش پێشبینی دەکات نرخەکەی بگاتە 86 دۆلار.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دۆلارێک و 74 سەنت بەرزبووەوە. هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەمریکاش دۆلارێک و 76 سەنت بەرزبووەوە. هەر بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای PVM دەڵێت: "بە لە خەو هەستانی ئەمریکییەکان و دەستپێکردنی هەفتەی نوێ، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەستیپێکرد."
 
ڤارگا دەڵێت: "قەناعەتێک لە زیادبوونە کە خواست لەسەر نەوت بە بەرزی دەمێنێتەوە، چونکە وەرزی هاوین نزیک دەبێتەوە."
 
بە نزیکبوونەوەی هاوین لە ئەمریکا، بەشێکی زۆری ئەمریکییەکان گەشت دەکەن، بەوەش خواست لەسەر بەنزین و سووتەمەنییەکان زیاد دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا.
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە سێ هەفتەی رابردوودا نەوت بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتە هێناوە.
 
بەڵام ئێستا شرۆڤەکارانی بانکی ئەمریکیی گۆڵدمان ساکس لە راپۆرتێکدا دەڵێن، پێشبینی دەکەن لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا تێكڕای نرخی بەرمیلێک بۆ 86 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
 
شرۆڤەکارانی بانکەکە دەڵێن، زیادبوونی هاتووچۆ وا دەکات خواست لەسەر نەوت زیاد ببێت و کورتهێنانی ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە بازاڕدا دروست ببێت.