وەزیری نەوتی عێراق: هیوادارین لە رۆژانی کەمی داهاتوودا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکبکەوین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک 'رێوشوێنێکی بەپەلە' دەبینن بۆ فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت. دەشڵێت، هیوادارە لە 'رۆژانی کەمی داهاتوودا' رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای عێراقی دەڵێت، رووداوەکانی دەریای سوور وایکردووە بیر لە "فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت بکەینەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە وەک رێوشوێنێکی خێرا بۆ ئەوە دەبینین".
وەک پشتیوانییەک بۆ فەلەستین لە شەڕی غەززە، حوسییەکانی یەمەن لە 19ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور. ئەمە مەترسیی لەسەر هاتووچۆی کەشتییەکان دروستکردووە.
عەبدولغەنی دەڵێت: "بەشێک لە نەوتی عێراق دەچێتە ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا. دەشمانەوێت ئەو بازاڕانە بپارێزین. فرەچەشنکردنی بازاڕەکان گەرەنتیی بەردەوامیی هەناردەی نەوت دەکات".
باس لەوەشدەکات، بەڵام "رووداوەکانی دەریای سوور وایکردووە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان رێڕەوەکانیان بگۆڕن، هەندێکجاریش مەترسی دروست دەبێت".
وەک وەزیری نەوت دەڵێت، ئەوان "بە تەواوی رژدن لەسەر ئەوەی رێگەی دیکە هەبێت تاوەکو لێیەوە نەوتی عێراق هەناردەی بازاڕەکان بکرێت."
وەک "رێوشوێنێکی بەپەلەش، کار لەسەر "خێرا کاراکردنەوە"ـی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەکەن تاوەکو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نەوت هەناردە بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت: "دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە"، کە مەبەست لێی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
باسی لەوەشکرد، "دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغداش هەیە. کۆبوونەوەی سێقۆڵیش لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە".
لەبارەی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانیش، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: "لێکتێگەیشتن هەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت. بەرەوپێشچوون هەیە و هیوادارین لە 'رۆژانی کەمی داهاتوو' بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
وەزیری نەوت گوتیشی: "رێککەوتن هەیە لەگەڵ برایانی هەولێر کە نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بەبازاڕ بکرێ. نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و گرێبەست واژۆ بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتەکە دەکڕن. داهاتەکەشی لە هەژمارێک لە بانکی ناوەندی دادەنرێت". گوتیشی: "رێککەوتنە کراوە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن. تەنیا ماوە نەوت هەناردە بکرێتەوە".