لە تورکیا سێ ملیۆن و 40 هەزار کەس بەدوای کاردا دەگەڕێن

رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگی نیساندا لە تورکیا و باکووری کوردستان 18 هەزار کەس کەمتر بێکار بوون بەراورد بە مانگی ئادار. 
 
ناوەندی ئاماری تورکیا (تویک) رایگەیاند، لە مانگی نیساندا رێژەی بێکاری 8.5٪ بووە. بەراورد بە مانگی پێشتر 0.1٪ دابەزیوە. ئەمە نزمترین ئاستی بێکارییە لە دوای تشرینی دووەمی ساڵی 2023ـوە.
 
بەپێی ناوەندی ئاماری تورکیا، لەو مانگەدا ژمارەی بێکاران 3 ملیۆن و 40 هەزار کەس بووە. بەراورد بە مانگی ئادار 18 هەزار کەس کەمتر بێکار بوون.
 
ناوەندەکە دەشڵێت، لە مانگی نیساندا لە تورکیا و باکووری کوردستان، رێژەی بێکاری لە نێو پیاوان 7.2٪ و، لە نێو ئافرەتانیش 11.1٪ بووە.
 
لە مانگی چواردا رێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی 15 بۆ 24 ساڵان 14.5٪ بووە و 0.1٪ دابەزیوە.
 
ئامارەکەی تویک ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە فەرمی داواکارییان بۆ کارێک پێشکێش کردووە، بەڵام هەلی کاریان بۆ نەڕەخسێندراوە. 
 
ئامارەکە ئەو کەسانە هەژمار ناکات کە بێکار بن و داواکارییان پێشکێشی ناوەندەکە نەکردبێت.