چارەنووسی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی یەکلایی دەکرێتەوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی داوای گەڕاندنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و، هەڵگرتنی پاشەکەوت لەسەر مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات، بۆ ئەو دوو مەبەستەش بڕیارە ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆببێتەوە.
پێشتر نزیکەی 81 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەردەگرت، بەڵام ساڵی 2016 کاتێک سیستەمی پاشەکەوتی مووچە دانرا، بە بڕیاری ژمارە 1515ی ئەنجوومەنی وەزیران مووچەی سەرجەمیان راگیرا. هەمان کات مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش کەمکرایەوە.
هەمزە مەغدید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێستا كە قەیرانی دارایی بەرەو چارەسەركردن دەڕوات، داوامان لە وەزارەتی دارایی كردووە كار بۆ گەڕانەوەی مووچەی توێژی چاودێریی کۆمەڵایەتیی بکات، بۆ هەمان مەبەست بەنیازین لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆببینەوە".
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 100 هەزار كەس مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن. وەک هەمزە مەغدید ئاماژەی پێدا، داواكارییەکی دیکەیان بۆ وەزارەتی دارایی ئەوەیە پاشەکەوت لەسەر مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەڵبگیرێت و وەكو پێشووی لێبكرێتەوە.
پێش قەیرانی دارایی مووچەی خاوەن پێداویستییەکی تایبەت، ئەوەی هیچ مووچەیەكی دیكەی نەبوو 150 هەزار دینار بوو، بەڵام لە 2016 ەوە بۆ 90 هەزار کەمکرایەوە، هە خاوەن پێداویستییەکی تایبەتیش ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبووایە، پێش قەیران 100 هەزار دیناری وەردەگرت، بەڵام دوای پاشەکەوت بۆی کرایە 60 هەزار دینار. بەپێی سیستەمی نوێی مووچەش بێت هەر مووچەخۆرێک مووچەکەی لە 400 هەزار دینار کەمتربێت پاشەکەوت نایگرێتەوە.
مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی دوو ساڵە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان، چونکە مووچەکەیان راگیراوە نەوەک بەیەکجاری بڕیاردرابێت چیدی پێیان نەدرێت، پێدەچێت لەگەڵ باشتربوونی باری دارایی حکومەتیش چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح