وەزارەتی دارایی عێراق بەهای دیناری لە دەروازە سنوورییەکان جێگیرکرد


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق گشتاندنێکی بۆ شەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی ئاسمانی کردووە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار وەک ئەوەی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە جێگیرکراوە کە 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلاری ئەمریکییە؛ بفرۆشرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "هێشتا بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و نایگرێتەوە."
 
بەپێی گشتاندنێک کە لەلایەن دەستەی گشتیی گومرکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق لە رۆژی 9-2-2023 دەرچووە و لە لایەن فاتیمە زەید سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی ئەو دەستەیە واژۆکراوە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک کراوە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بفرۆشن.
 
نووسراوەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک لە نێوەڕاست، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی باشوور، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی رۆژئاوا، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی باکوور، بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی بارکردنی ئاسمانی کراوە، بەڵام ناوی فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی تێدا نییە؛ جگە لەوە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرکی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە و تەنیا باسی باکوور دەکرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند جارێکە داوا کراوە دۆلار لە دەروازە و فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان بەردەستبێت، هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی عێراق، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
رۆژی هەینی، 10-2-2023، بانکی رافیدەین کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکان لە عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە پێدانی بڕی 7000 دۆلار لە بری 5000 دۆلار بەهەر گەشتیارێک کە دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەشتبکات. بانکی رافیدەین ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو پارەیەی دەدرێت 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی دەبێت."
 
سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی لەبارەی ئەگەری سوودمەندبوونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێرەوە گەشت بۆ دەرەوە دەکەن بە رووداوی گوت: "ئێمە پێشتر داوامان لە محەممەد شیاع سوودانی کردبوو کە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕە پارەیە بە گەشتیاران بدرێت، بەڵام هێشتا بڕیار دەرنەچووە یان باشتر بڵێین جێبەجێ ناکرێت، ئەوەش وایکردووە خەڵک بۆ گەشتکردن زیاتر پەنا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ببەن." 
 
پێدانی 700 دۆلار بە گەشتیاران لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە، ئاسانکاریکردنە بۆ بازرگانان و نەخۆشەکان و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.