هێرشەکانی تورکیا 56 ملیۆن دۆلار زیانیان بە ژێرخانی ئابووریی رۆژئاوای کوردستان گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە 56 ملیۆن دۆلار. ئەندامێکی کۆمەڵەی ئابووریناسانی کوردی سووریا دەڵێت "تورکیا دەیەوێت سەرچاوە ئابوورییەکانی رۆژئاوی کوردستان پەکبخات".
 
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023 خورشید عەلیکا، ئەندامی کۆمەڵەی ئابووریناسی کوردی سووریا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "تورکیا چەندین وێستگەی نەوت و کارەبای لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج و چاککردنەوەیان سەدان ملیۆن دۆلاری پێویستە."
 
 
خورشید عەلیکا، ئەندامی کۆمەڵەی ئابووریناسی کوردی سووریا دەڵێت "ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی ئەوەیە؛ ژێرخانی ئابووریی رۆژئاوای کوردستان وێران بکات، بەشێوەیەک پارە لە دەستی رێڤەبەری خۆسەر نەهێڵێت تاوەکو مووچە بدات، باردۆخی ئابووری بەشێوەیەک لاوازبکات خەڵک دژی بەڕێوەبردنی خۆسەر بوەستنەوە."
 
سەرچاوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باس لەوە دەکەن، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی رۆژاوای کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 56 ملیۆن دۆلار.
 
لە بارەی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان، خورشید عەلیکا گوتی: ئەمریکا نایەوێت راستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوادا هەبێت، لە بەرامبەردا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا، کۆمپانیا ئەمریکی و بیانییەکان نایانەوێت لە رۆژئاوای کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن.
 
رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمدێت

 

 
رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەمدێت و نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا، چەند وێستگەیەکی نەوت و کارەبا کراونەتە ئامانج، لە قامشلۆ وێستگەیەکی کارەبا کراوەتە ئامانج، لە تربەسپی کێڵگەی نەوت بۆردوومانکراوە و وێستگەیەکی کارەباش لە سوێدییە کراوەتە ئامانج، لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی حەسەکەشدا وێستگەیەکی کارەبا و دوو کێڵگەی نەوتی بۆردوومانکراون و لەکارخراون، هەروەها لە عەین عیسا چەند سایلۆیەک بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
 
لە هەردوو پارێزگای دێرەزوور و حەسەکە چەندین کێڵگەی نەوت و گاز هەن کە بە شادەماری ئابووریی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دادەنرێن.
 
لە دێرەزوور، سێ کێڵگەی سەرەکی هەن؛ کێڵگەی عومەر نزیک شاری مەیادین؛ گەورەترینە بەرهەمی رۆژانەی ئێستا نزیکەی 25 هەزار بەرمیلە. کێڵگەی تەنەک لە ناوچەی شعێتات لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتە؛ بەرهەمی رۆژانە نزیکەی 12 هەزار بەرمیلە. کێڵگەی کۆنیکۆ، ئەویش نزیک لە شاری دێرەزوورە زیاتر بەرهەمی گازی هەیە کە رۆژانە بە 10 ملیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت.
 
هەر لە دێرەزوور، هەردوو کێڵگەی جەفرە و خراتە هەن کە بچووکترنن و بەرهەمی رۆژانەی نەوتیان پێكەوە لە 3 هەزار بەرمیل تێناپەڕێت.
 
لە پارێزگای حەسەکە، کێڵگەکانی رومێلان هەن، کە لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە زیاتر لە هەزار و 300 کێڵگەی نەوت لەخۆدەگرێت؛ توانای بەرهەمی رۆژانەیان نزیکەی 70 هەزار بەرمیلە؛ ئەوە سەرباری بەرهەمهێنانی ملیۆنان مەترسێجا لە گازی سرووشتی.
 
کێڵگەی سوێدییە دووەم گەورەترینە لە پارێزگای حەسەکە؛ کێڵگەی دیکەش لە باشووری حەسەکە هەن، وەک چپەسە و هۆل و شەدادی.