زانیاری لەبارەی دابەشکردنی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە پێش جەژن
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر وردبینی لە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان تەواو بکرێت، مووچەی مانگی پێنجی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکرێت، ئەگەر نا دەکەوێتە دوای جەژن.
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ یەکشەممە باسی لەوەشکرد، لەبەر ئەوەی یەکەم جارە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت، وردبینییەکەی پێویستی بە کاتە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لیستی ناوی ئەنجوومەنی ئاسایش، دژەتیرۆر، دەزگای زانیاری و پاراستن بە کۆد دەنێردرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەوبارەیەوە رەزامەندیی نیشانداوە.
بەغدا وردبینی لە لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواوکردووە و هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە، 10-06-2024، مووچەی مانگی نیسانیان خەرج دەکرێت.
دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا 107 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکەن.
راشیگەیاند، "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دام و دەزگاکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگەیانەش رادەگەیێندرێت."
دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار جگە لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، لە 15ـی مانگی پێنج دەستیپێکرد. هەروەها دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ لە 06-04-2024 دەستیپێکرد و 8ـی هەمان مانگ دابەشکردنەکەی کۆتاییهات.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 940 ملیار دینارە.