بەغدا مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە پەیامنێری رووداوی رایگەیاند، سبەینێ مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
لە کاتێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگەکانی چوار و پێنجی بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدای راگەیاند: "وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی هەرێمی کوردستان تەواو کراوە و سبەی مووچەی مانگی چواریان بۆ خەرج دەکرێت".
کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەوەیە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی چواریی ناوی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی کردووە و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆد ناوەکانی بۆ ناردوون.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رەزامەندیی خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دراوە و چاوەڕێن سبەینێ پارەکە بگاتە هەولێر.
دوای داواکەی حکومەتی عێراق، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن.
دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەغدا 107 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆیە مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکرێت.
راشیگەیاند، "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دام و دەزگاکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگەیانەش رادەگەیێندرێت."
دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار جگە لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، لە 15ـی مانگی پێنج دەستیپێکرد. هەروەها دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ لە 06-04-2024 دەستیپێکرد و 8ـی هەمان مانگ دابەشکردنەکەی کۆتاییهات.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 940 ملیار دینارە.