دامەزراوەیەکی ئابووری: قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ترلیۆن دینار
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەیەکی ئابووری دەڵێت، قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق زیاتر لە 70 ترلیۆن دینارە، کۆی گشتی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیشی بەیەکەوە دەگاتە زیاتر لە 100 ترلیۆن دینار.
دامەزراوەی موستەقبەل [مستقبل]ـی عێراق بۆ توێژینەوەی ئابووری لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، پار قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق 70 ترلیۆن دیناری تێپەڕاند، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 2003ـوە.
دامەزراوەکە دەڵێت، بەم پێیە، بەراورد بە ساڵی 2022، لە ساڵی 2023ـدا قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق بەڕێژەی 1.5٪ زیادبووە.
بەپێی دامەزراوەکە، گەورەترین زیادبوون لە قەرزەکانی عێراق لە نێوخۆدا لە ساڵی 2020 بوو، کە بەراورد بە ساڵی 2019، 26 ترلیۆن دینار زیادبوو و گەیشتە 64 ترلیۆن دینار، بەوەش تەنیا لەو ساڵەدا 67٪ زیادبوو.
سەرەڕای دابەزینێکی کەم لە 2023، وەک دامەزراوەی موستەقبەل دەڵێت، پار قەرزەکانی عێراق لەسەر ئاستی نێوخۆ دەستی بە زیادبوون کردەوە و گەیشتە سەروو 70 ترلیۆن دینار.
موستەقبەل باسی لەوەش کردووە، نزیکەی 37٪ـی قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە بانکە بازرگانی و حکومییەکان کراوە، 37٪ـیش ئەو قەرزەیە کە دامودەزگا حکومییەکان لایانە بە بانکی ناوەندیی عێراقیشەوە.
بەپێی دامەزراوەکە، "قەرزە گشتییەکانی عێراق 19%ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی (GDP) پێکدەهێنێت، بەوپێیەی کۆی گشتی قەرزە دەرەکییانی عێراق دەگاتە 40 ترلیۆن دینار."
بەم پێیە، کۆی گشتی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 110 ترلیۆن دینار، ئەو بڕەش یەکسانە بە 29٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە.
سەرەڕای ئەم ئامارانە، بەڵام موستەقبەل لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ئاستی قەرزەکانی عێراق بە بەراورد لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان، تاڕادەیەک باشترە و دەکرێت ئیدارە بدرێت.
بەڵام نیگەرانییەکی گرنگ کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوەیە زۆربەی ئەم قەرزانە خەرجی بەگەڕخستنن نەوەک وەبەرهێنان. لە ئەنجامدا هیچ ئامرازێک نییە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە لە ڕێگەی پڕۆژەیەک کە داهات دەستبخات.
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی تێچووی زیادە بۆ بودجەی دەوڵەت لە شێوەی پێدانی سوود کە لەلایەن قەرزدەرەکانی نێوخۆ و دەرەوە دەسەپێندرێت.
راپۆرتەکە دوو بژاردەش بۆ حکومەتی عێراق پێشنیار دەکات؛ دانەوەی قەرزە ناوخۆییەکان کە سوودیان دەچێتە سەر، یان داڕشتنی پلانێکی روون بۆ گۆڕینی بۆ قەرزی بەرهەمدار (قەرز بە مەبەستی بەرهەمهێنان) بە دانەوەی قەرزەکانی پێشوو و بەکارهێنانی قەرزی نوێ بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان.
دەشڵێت، "ئەم جۆرە پڕۆژانە، دەتوانن بەرهەمی نێوخۆیی لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا زیاد بکەن و داهات بۆ دانەوەی قەرزەکان و پێدانی سوود دەستبخەن."