بەڕێوەبەری زنجیرە مارکێتێک: نرخی خۆراک لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5% گران بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیا بازرگانییەکانی خۆراک لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار دەدەن بۆ مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ بە بێ هیچ قازانجێک خۆراک بفرۆشن بە بازاڕ و مارکێتەکان. بازرگانێکی خۆراکیش دەڵێت، نەبوونی مووچە هۆکاری سەرەکیی سستی بازاڕە نەوەک نرخی خۆراک و پێداویستییەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە، د. محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیم مارت کە 125 لقی لە عێراق هەیە و میوانی بووڵتەنی ئابووری بوو گوتی، خەڵک پارەی نەبێت بەرهەمی بە هەرچەند پێ بفرۆشیت ئەوان ناتوانن بیکڕن و بە گرانی دەزانن".
 
هەروەها گوتی، "بەهۆی ئەو دۆخەی کە خەڵکی پێدا تێدەپەڕێت، هەموو کۆمپانیاکان کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە ئەم ساڵ لە مانگی رەمەزان بەدوای قازانجەوە نەبن، ئەو خۆراک و پێداویستیانەی کە پێیان فرۆشتوین هیچ قازانجێکیان نەخستووەتە سەری".
 
نرخی گواستنەوەی یەک کۆنتێنەر لە دەریای رەش 1000 دۆلار گرانبووە. بە گوتەی د. محەممەد ئیسماعیل، ئەمە وایکردووە نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 5٪ گران بووە. نرخی مریشک لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ نزیکەی 15% گران بوو، بۆیە پێشبینی ناکرێت بۆ مانگی رەمەزان گرانتر ببێت.
 
 
گۆڕینی شێوازی هێنانە ژوورەوەی کاڵا و شتوومەک لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و کردنی بە ئەلیکترۆنی، سەدان تۆن خۆراک و کاڵای لەسەر کۆنتێنەرەکان هێشتووەتەوە. د. محەممەد ئیسماعیل گوتی، ئەو کاڵایانەی ماوەیان هەیە هەموویان خراپ بوون، مۆزێکی زۆر رەشبوونەتەوە و لە کۆنتێنەرەکاندا ماونەتەوە.
 
بەپێی رێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەواوی سیستمی دەروازە سنوورییەکان دەکرێت بە ئەلیکترۆنی و تەواوی ئامێرەکانی سۆنار لە دەروازە سنوورییەکان یەکدەخرێنەوە و دەبەسترێنەوە بە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان.
 
لیوا عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە بە گۆڕینی کارکردن لە سیستمی کۆنی پشتبەستوو بە کاخەز و دەستنووسەکان بۆ سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم چاودێرییەکان، تاوەکو ئاگاداری جۆر و کوالیتی کاڵا و شتومەکەکان بن "لەپێناو رێگریکردن لە هەر جۆرە کارێکی قاچاخ و دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی کەرەستەکان".
 
دەشڵێت، کامێراکان بە جۆرێک جێگیرکراون وێنەی ئەو بارهەڵگرە لە دەوڵەتی هاتووەوە تۆمار دەکات تا دەگاتە دەروازە سنوورییەکە و تەواوکردنی سەرجەم پشکنین و مامەڵەکانی.