دامەزراوەیەک: زیانی کارەساتە سرووشتییەکان لە جیهان ساڵی رابردوو نزیکەی 250 ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەیەک دەڵێت، زیانی کارەساتە سرووشتییەکان لە جیهاندا ساڵی رابردوو نزیکەی 250 ملیار دۆلار بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، زریانەکان زیاد بوون و دەبێت پۆلێنبەندییەکی نوێیان بۆ بکرێت.
دامەزراوەی (میونشن رێ)، کە تایبەتە بە دەستەبەر (بیمە)، رۆژی سێشەممە 09-01-2024 رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا کارەساتە سرووشتییەکان زیانی نزیکەی 250 ملیار دۆلاریان لە ئابووریی جیهان داوە.
وەکو دامەزراوەکە دەڵێت، کەمتر لە نیوەی ئەو زیانانە دەستەبەر کراون. باسی لەوەش کردووە، ئەو زیانە بەرزترین ئاستە لە تێکڕای 10 ساڵی رابردوودا و، تێیدا زیانە "کارەساتبارەکانی" بوولەمەرزەکانی تورکیا و سووریاش هەژمار کراون.
ئێرنست راوچ، زانای بواری کەشوهەوا لە دامەزراوەی میونشن رێ دەڵێت، ئێستا کۆمپانیاکانی بیمە ناچارن بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن زریانەکان پۆلێن دەکەن.
راوچ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، "پێشتر زریانە ناوچەییەکانمان بە مەترسییەکی پلە دوو هەژمار دەکرد، چونکە تەنیا زیانێکی بچووک یان مامناوەندیان لێدەکەوێتەوە، بەڵام چونکە ژمارەی زریانەکان لە زیادبووندان، دەبێت بیر لە پۆلێنبەندییەکی نوێ بکەینەوە."
ساڵی رابردوو گەرمترین پلەی گەرما لەسەر زەوی تۆمار کرا، ئەوەش شێوازی کەشوهەوای شێواند و ملیۆنان کەس کەوتنە بەر پلەی گەرمیی مەترسیدار.
دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر چۆنێتیی مامەڵەکردنی کەرتی بیمە لەگەڵ داواکارییەکان هەیە، لەم دواییانەشدا هۆشداری دراوە لەوەی دەبێت حکومەتەکانی وڵاتان بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو مەبەستە زیاد بکەن.
بەپێی خەمڵاندنی میونشن رێ، بڕی زیانە بیمەکراوەکان لە ساڵی رابردوودا بۆ 95 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە.
زانایان لە ئێستاوە پێشبینیی ئەوە دەکەن کە ساڵی 2024 لە ساڵی رابردوو گەرمتر بێت، ئەمەش ئەگەری روودانی رووداوە تووندەکانی کەشوهەوا زیاتر دەکات. راوچ دەڵێت، "ئاوی زیاتر لە پلەی گەرمی بەرزتردا بە هەڵم دەبێت، شێی زیادە لە بەرگەهەوادا وزە بۆ زریانی تووند دابین دەکات."