راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە: تاوەکو نیسانی 2023 یاسای نەوت و گاز پەسند دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، هێشتا هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراقەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند دەستی پێنەکردووە. دەشڵێت، دەبێت تاوەکو نیسانی ساڵی 2023 عێراق ببێتە خاوەن یاسای نەوت و گاز.
رۆژی پێنجشەممە 08-12-2022 د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە لەبارەی پێشڤەچوون و هەوڵەکان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گازی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا دانوستاندن و گفتوگۆی جیددی و راستەوخۆ لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ یاسای نەوت و گازی عێراق دەستیپێنەکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوە بکرێت."
بەپێی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە کۆتایی تشرینی یەکەم ئاراستەی پەرلەمانی کرد و لەوێ پەسند کرا، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا عێراق ببێتە خاوەن یاسای نەوت و گاز، کە تائێستاش بۆ ئەم کەرتە کار بە یاساکانی سەردەمی بەعس دەکات.
د. بێوار خنسی گوتی، "ئەو رەشنووسەی ئامادە دەکرێت، یاسایەک دەبێت بۆ سەرجەم پرسە هایدرۆکاربۆنییەکان، لەنێویاندا نەوت و گاز و داتاشراوەکانی دیکەیان و پاکێجێکی تەواو دەبێت لەسەر ئەو پیشەسازییە بە وردەکاریی یاسایی و جیۆلۆجییەوە."
ئێستا سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە بەردەستی حکومەتی عێراق و پەرلەماندان، بەڵام بێوار خنسی دەڵێت ئەوان رەشنووسی یاسای 2007یان پێ گونجاوترینە بە دەستکاریکردنەوە، "چونکە زیاتر مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەپارێزێت."
یەکێک لە دیارترین کێشەکانی نەوت و گاز لە عێراقدا بەتایبەت لەدوای ساڵی 2003وە نەبوونی یاسای نەوت و گازە؛ لە 2007ـەوە سێ جار پرۆژەیاسای نەوت و گاز لە عێراق رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، نەبوونی ئەم یاسایە و وایکرد هەرێمی کوردستان خۆی یاسایەک بۆ نەوت و گازەکەی دەربکات.
بەپێی مادەی 112ـی دەستوور، بیرە نەوتەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی پێش ساڵی 2005ـن بەڕێوەبردنیان لەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەر بیرە نەوتێکیش دوای پەسندکردنی دەستوور بێت، بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.
د. بێوار خنسی، بە پێویستی دەزانێت ئەو شاندەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، لە وتووێژەکان شارەزایی تەواویان لە چەند بوارێک هەبێت و تەنیا سیاسی نەبن، دەشڵێت، "گرنگە ئەندامەکانی ئەو شاندە کەسانی تەواو شارەزای یاسا و وزە و نەوت و گاز و هەموو پیشەسازییەکە بەگشتی بن، دەبێت ئاگاداری ئەو بۆشاییە یاساییانە بن، کە لە رەشنووسەکەدا هەیە و رێگری بکرێت لە بەجێهێشتنی کەلێنە یاساییەکان نەبادا لە کاتی دیکە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت."
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێیوایە ئێستا لە عێراق بەهۆی کۆکبوونی لایەنەکانەوە دەرفەتێکی باش هاتووەتە کایەوە و ئەگەر عێراق ئەمجارە ئەو دەرفەتە لەکیس بدات ئەوا کێشەکانی ئەو کەرتە قووڵتر دەبنەوە و بەبێ چارەسەری دەمێنێتەوە. دەشڵێت، "دەبێت ئەو یاسایەی عێراق لەئاست گۆڕانکارییەکان بێت و لە 20 یان 30 ساڵی داهاتوودا هیچ کێشەیەکی نەبێت و هەموو بوارەکان پڕبکاتەوە، یاسایەکی مۆدێرن بێت، لەگەڵ پێشڤەچوونەکانی کەرتەکە و پیشەسازییەکە و وردەکارییەکانی بگونجێت."
رۆژی 15ـی شوباتی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە "نادەستووریی" ناساندی، داواشی لە هەرێمی کوردستان کرد داهاتی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات، هەرێمی کوردستانیش کە لەو کاتەوە کەوتووەتە ژێر چەندین گوشاری جیاوە، بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە.
بەپێی نووسراوێک کە رۆژی، 16-11-2022، دەرچووە و واژۆی ئیحسان یاسین عەواد، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەوەکالەت لەسەرە، هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کارکردن بە بەرنامەی وەزاری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە بڕگەکانی دەستوور، بە تایبەتی پەیوەست بە یاسای نەوت و گاز ئەم بڕیارانە دراون:
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی د. محەممەد عەلی تەمیمی، جێگری سەرۆکوەزیران (وەزیری پلادانان) و ئەندامییەتی هەریەک لە:
1- حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە، جێگری سەرۆکوەزیران (وەزیری نەوت).
2-تەیف سامی محەممەد، وەزیری دارایی.
3-رافال یاسین خزەیر، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی.
4-کازم محەممەد جواد حوسێنی، راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران.
5-د. نەجیب شوکر مەحموود، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
6-د. عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان.
7-عەلا خزەیر کازم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ.
دووەم: لیژنەکە کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی بەرنامەی وەزاری و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.
سێیەم: لیژنەکە بانگهێشتی هەر لایەنێکی حکومی دەکات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکان کە پێی پێویست و پەیوەنداربێت.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 7-12-2022، بڕیاری دا شاندی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستاندن لە رۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بکاتەوە و لێژنە لاوەکییەکانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو نەخشەڕێگایەی لە کۆبوونەوەکە پەسندکرا.
لە راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لێژنەیەکی وەزاریی یاسایی لە ناو ئەنجومەنی وەزیران راسپێردرا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، ئامادەسازیی پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی مينهاجی وەزاریی کە تایبەتن بە گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک، لەوانە پڕۆژەیاساکانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، دادگای باڵای فیدڕاڵی، نەوت وگاز ."