بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین؛ 100 دۆلار بە 164 هەزار دینارە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لە بازاڕی دراوی هەولێر گەیشتەوە سەروو 164 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-11-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 162 هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 164 هەزار و 250 دینار.
 
حاجی سابیر دەڵێت، ترسی خەڵک لە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەوەی لە شەڕی غەززەوە تێوەنەگلێن، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، خەڵک بەگشتی ترسی لە دۆخی عێراق هەیە و دەیەوێت لەو دۆخەدا دۆلاری هەبێت.
 
بەگوتەی حاجی سابیر، کەمبوونەوەی فرۆشی دۆلاری نەختیش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 225 ملیۆن و 801 هەزار و 357 دۆلاری خستەڕوو، لەو بڕە 197 ملیۆن و 651 هەزار و 357 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 28 ملیۆن و 150 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی نەخت بوو.
 
حاجی سابیر پێیوایە ئەوەی رۆژانە بانکی ناوەندی دەیخاتەڕوو تەنیا ژمارەیە و، دەبێت بە کردار دۆلاری نەخت زیادبکات تاوەکو رێگری لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار بکات.
 
هاوکات ئیسماعیل محەممەد، ئاڵوگۆڕکار و شارەزای دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکە، 100 دۆلار بە 162 هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 164 هەزار دینار.
 
ئیسماعیل محەممەد، لەبارەی دۆخی بازاڕەوە دەڵێت، خواستی زۆر لەسەر دۆلار هەیە و دیناریش زۆر لای خەڵکە، ئەوە جگە لە کاریگەریی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە و حەماس.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە دەڵێت، ئەوانەی کاتێک 100 دۆلار بە 140 هەزار دینار یان زیاتر بووە دۆلاریان فرۆشتووە، ئێستا بەشێکیان دەیکڕنەوە، چونکە ترسیان هەیە لە رێکارەکانی ساڵی داهاتوو.
 
ئیسماعیل محەممەد پێشیوایە، تاوەکو کۆتایی ساڵ ئەو هەڵبەز و دابەزە لە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەردەوام دەبێت.
 
بەبڕوای ئەو شارەزایە، ئەگەر 100 دۆلار ببێت بە 200 هەزار دینار یان 130 هەزار دیناریش، بەشێکی زۆری هاوڵاتییان زەرەر ناکەن، چونکە بەشی زۆری بازرگانان بە نرخی فەرمی کاڵا سەرەکییەکان هاوردە دەکەن.
 
زیاتر لە ساڵێکە بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار لە نزمیدایە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام زۆرینەی پارەکەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.