بەهای دیناری عێراقی دابەزی؛ 100 دۆلار بە 153 هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان، بەهای 100 دۆلار زیاتر لە هەزار دینار بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە 153 هەزار دینار. گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی دەڵێت، جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارن.
رۆژی سێشەممە، 8.8.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 900 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 153 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ کەمیی فرۆشی کاشی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 208 ملیۆن و 123 هەزار و 963 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ 176 ملیۆن و 613 هەزار و 963 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 31 ملیۆن و 510 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر گوتی، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینار، پێنەدانی دۆلارە بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو.
حاجی سابیر دەڵێت، داوامان کردووە بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بەو کۆمپانیایانە جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە. دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دروست دەبێت.
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 900 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
جەبار گۆران دەڵێت، ئەگەر سبەی بانکی ناوەندی خستنەڕووی دۆلار بە کاش زیادبکات و ئەو زیادکردنە "تەنیا ژمارە نەبێت"، رەنگە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزببێتەوە.
جەبار گۆران گوتی، هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی، هەنگاوی باشن، بەڵام سیانیان لە هەرێمی کوردستان هێشتا جێبەجێنەکراون؛ پارەدارکردنی بازرگانانی بچووک؛ پێنەدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و؛ دروستکردنی ئاستەنگ لە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران.
جەبار گۆران دەشڵێت، بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان سەنگ و قورسایی خۆیان هەیە و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی عێراق دەبێت.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی پێیوایە، ئەگەر ئەو بڕیارانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و "بە تەواوی سەقامگیر دەبێت".
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی چاودێریی ئاڵوگۆڕی دراو لە بانکی ناوەندیی عێراق، کە بە ژمارە 9/5/419 لە رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023 ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی"A ، B" بە ناونیشانی" میکانیزمەکانی راکێشانی پارەی کاش" کردووە، بڕیاردراوە هەفتانە دۆلار بەو کۆمپانیایانە بدات.
هۆکاری ئەمدواییەی دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی مانگی رابردوو مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە سزای ئەمریکایان لەسەرە.