نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی؛ ترەمپ و چین هۆکارن

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی. ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ، نەکڕینی زێڕ لە لایەن چین و هەڵگرتنەوەی قازانج هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەن.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی زێڕ 38 دۆلار دابەزی. هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە دوو هەزار و 352 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی کە بڵاوکراونەتەوە لە کۆتایی مانگی شەشدا قەبارەی زێڕی بانکی ناوەندی چین 72.8 ملیۆن ئۆنسە بووە کە بەراورد بە مانگی پێنج و چوار هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت بانکی ناوەندیی چین کڕینی زێڕی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا وەستاندووە.
 
زیادبوونی ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و قەواڵە داراییەکان.
 
لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، پێشبینی دەکرێت ترەمپ باج کەمبکاتەوە. ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی خەرجی، ئەوەش وا دەکات هەڵاوسان زیاد ببێت و سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.
 
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار بەرزببووەوە و گەیشتبووە دوو هەزار و 391 دۆلار. ئەمڕۆ کە بازاڕ کرایەوە، بەشێک لە بازرگانان قازانجەکانیان دەرهێناوە. ئەمە بە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕ دادەنرێت.
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی بێکاری بەرزبووەتەوە و ژمارەیەکی کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان هەلیکاری نوێ رەخساوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ گرەو لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکەن.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر گوتاری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکان. بڕیارە سبەی سێشەممە کاژێر 17:00 بە کاتی هەولێر، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، گوتارێک لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکێش بکات. 
 
هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود یان دواخستنی، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر نرخی دۆلار و زێڕ دەبێت.
 
دواتر رۆژی پێنجشەممە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاودەبێتەوە.
 
لە مانگی ئایاردا رێژەکە 3.3٪ بووە. ئەگەر بۆ مانگی رابردوو لەو رێژەیە کەمتر بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە. بەپێچەوانەشەوە.