نرخی 100 دۆلار 150 هەزار دیناری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە دوای ناوەڕاستی ئاداری ئەمساڵەوە، بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار دینار و بەپێی زانیارییەکان، کێشە لە ناردنی حەواڵە هۆکاری دابەزینی بەهای دینارە.
ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لەو بازاڕە 100 دۆلار بە 150 هەزار و 200 دینار بووە.
دەشڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 450 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە سلێمانیش 100 دۆلار ئەمڕۆ گەیشتەوە 150 هەزار دینار.
محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بووە.
لە سلێمانی ئەمڕۆ لە کاتی کرانەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 250 دینار بووە.
لە 18ـی ئاداری ئەم ساڵەوە، بەهۆی گەشبینی بە کاریگەریی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بەهای 100 دۆلار گەیشتە کەمتر لە 150 هەزار دینار.
سوودانی لە 15ـی نیسان سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، ئەمە نزمترین ئاستی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارە، کێشە لە ناردنی حەواڵە هەیە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی بەهای دینار.
محەممەد حاجی قادر گوتی، سزادانی 197 کۆمپانیاکەش لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارێکی دیکەیە، چونکە ناچارن لە بازاڕ دۆلار بکڕن، ئەوەش خواست زیاد دەکات لەسەر دۆلار.
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.