وەزارەتی دارایی: سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەڵێت سبەی (یەکشەممە) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دەکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای گەیشتنی بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سبەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکرێت."
لەبارەی مووچەی وەزارەت و دەستەکانی دیکەوە وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوکەیەدا دەڵێت "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگایانەش رادەگەیێندرێت."
وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی پێنجشەممە (6-6-2024) رایگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکە "مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد لەگەڵ شایستەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، چاودێری، گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، شایستەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گرێبەستەکان و شایستەی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی شایستەی دارایی مانگی ئایاری ساڵی 2024ـدا."
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، هیچ ئاماژەیەکی بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەکردووە، لەکاتێکدا هێشتا مووچەی مانگی چواریشیان وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێموایە بەشێک لە مووچەی مانگی پێنج گەیشتووە و لە ماوەیەکی زوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
قوباد تاڵەبانی لە بارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە گوتی، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێککەوتوون بۆ ئەوەی ناوی ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرن، گوتی، ''ئەگەر ئەمڕۆ نەڕۆیشتبێت، سبەی بە تەواوی ناوەکان دەگەنە بەغدا و لیژنەش پێکهێندراوە لەلایەن چاودێریی دارایی هەردوو لاوە [بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەکە].''
هەروەها شاندێکی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتووتەنە هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجێکی سەرەکیی شاندەکەی بەغدا وردبینی و زانیارییە لە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە شاندەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و وردبینیکردنی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ و مووچەی هێزە سەربازییەکان تاوتوێ دەکەن.