گومرگی هەرێمی کوردستان: داهاتی گومرگەکان 10٪ کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی گومرگی بەگوێرەی بارودۆخی سیاسی دەگۆڕدێت، ئێستا بەهۆی ناسەمگیریی بارودۆخی سیاسی، 10٪ـی داهاتی گومرگەکان کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بە گشتیش داهاتی ساڵانەی گومرگەکان جێگیرنییە و 10٪ داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 08-06-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆڕبەندی ئابووریی سلێمانی لەبارەی داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داهاتی گومرگ جێگیر نییە، لەم ماوەیە دەتوانم بڵێم 10٪ کەمیکردووە، ئەویش بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ناجێگیریی نرخی دۆلار، بەڵام ئومێدمان وایە دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق داهاتەکە بە زیاتریشەوە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی."
بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، ناسەقامگیریی سیاسی، کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت، چونکە خەڵک زیاتر پێداویستیی رۆژانە دەکڕێت و پێداویستیی دیکە ناکڕن، ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هەیە و کاریگەری بەجێدەهێڵێت. دەشڵێت: "داهاتی ساڵانەی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر نییە، بە نزیکەیی تریلیۆنێک و 300 بۆ 500 ملیار دینارە، کە ئەوەش 10٪ـی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنت."
گومرگ لە دەروازەکانی عێراق بە بەراورد بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کەمترە. ساماڵ عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت: "گەورەترین ئاڵنگاری بۆ سەر ئێمە گومرگەکانی عێراقە، کە دەرگەکانیان خستووەتەسەر پشت و تەعریفەی گومرگی جێبەجێ ناکەن، بۆیە زۆربەی بازرگانەکان لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان جووڵەی بازرگانییان گواستووەتەوە دەروازەکانی عێراق. ئەمە بازاڕەکانی ئێمەشی تێکداوە. هیواخوازین دوای بودجە لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دابنشین و یەک تەعریفەی گومرگی جێبەجێ بکەین و کێشەکان چارەسەر بکەین."
لەبارەی جیاوازی لە داهاتەکانی دەوازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، هەندێک بابەت کاریگەری دەبێت بە نموونە لە 30 ساڵی رابردوو ترانزێت لە دەروازەی حاجی ئۆمەران نەبووە تەنیا لە باشماخ هەبوو، بەڵام ئێستا بەشێکی گواستراوەتەوە حاجی ئۆمەران و بەشێکی دیکەی گواستراوەتەوە پەروێزخان، بۆیە جووڵەی ئۆتۆمبێل چووەتە هەردوو دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و باشماخ کەمترین داهاتی هەیە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات، بازرگان ئازادە لە چی دەروازەیەکەوە کاڵا هاوردە دەکات یاخود هەناردە دەکات، هەندێکجار بەگوێرەی بارودۆخی دەروازەکە جووڵەی بازرگانی گۆڕانکاری بەسەردێت ئەوەش چی بە زیادبوونی جووڵەی بازرگانی بێت یان کەمبوونەوە.
لەبارەی داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەموو داهاتی گومرگەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی و هەمووی لە میزانییە جێگای کراوەتەوە، بۆیە لە رابردوو و ئێستاش هەموو داهاتێکی گومرگ کە تۆمارکراوە هەمووی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی."