عێراق پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەداتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەکات و دەڵێت، "دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی هەولێر و بەغدا پێداچوونەوەی پێدا بکەن و دەکرێت ئیشی لەسەر بکەین، ئەگەر پەرلەمانتارانی عێراق بتوانن ژمارەیەکی بۆ دیاریی بکەن و بە چەند قیستێکی ساڵانە بەشێکی بخرێتە نێو بودجەوە، بۆچی نا."
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
هەرێمی کوردستان، وەک د. ئامانج رەحیم دەڵێت، "پابەندکراوە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، ئەگەر هەر کەمبوونەوەیەک لە فرۆشتنی نەوت رووبدات بەشی هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە."
"پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی راستەقینەی بەردەستی وەزارەتی دارایی عێراق خەرجدەکرێت کە بە 134.5 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە نەک لە 199 تریلیۆن دینارەکە"، ئەمە بەگوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
رووداو: لەم چەند رۆژەدا توێژینەوەیەکی زۆر باشت ئامادە کرد لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. ئێستا درەنگ نییە؟ شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان دەتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟
ئامانج رەحیم: بێگومان ئەمڕۆ دەستپێبکەین باشترە لە سبەی؛ هیچ کات درەنگ نییە؛ خۆی باشتر بوو ئێمە لە کاتی ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کاری لەسەر بکەین؛ دواتر هەر نا؛ دەبووایە بەر لەوەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند بکرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، بەڵام کە ئێستا گەیشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێم وایە هێشتا دەرفەت ماوە و وەکو خۆشت لە پێشەکییەکەدا باست کرد، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا لە دوای ساڵی 2003ەوە بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ دابنرێت، بەڵام خۆی بنەمایەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئیدارەی ماڵیی فیدراڵی کە لە ساڵی 2019 دەرچووە و حکومەتی ئەرکدار کردووە و دەڵێت، بۆ لەمەودوا دەبێ بودجە بۆ سێ ساڵ ئامادە بکرێت؛ بۆیە ئەو مەترسییانەی کە درکمان پێکردوون لەو ڤێرژنەی کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، کاریگەرییەکەی تەنیا بۆ یەک ساڵی دارایی نییە؛ خۆت دەزانی ئەگەر بودجە بۆ یەک ساڵی دارایی بێت، ئەم کاریگەرییانە تاوەکو 31ی 12ی ساڵی 2023 دەبن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم پڕۆژەیاسایە لە یەکی 2023ەوە کاری پێ دەکرێت تاوەکو 31ی 12ی ساڵی 2025. بۆیە پێویستە کاری لەسەر بکرێت و پێم وایە ئێستا هەرێمی کوردستان باسی لایەنە سیاسییەکەی ئەم پڕۆژەیاسایە ناکات، بەڵام چەند خاڵێک هەن کە هەرێمی کوردستان لە دانوستاندنەکاندا تێیاندا بەهێزە. بۆ نموونە، ئەمە یەکەمجارە پڕۆژەیاسای بودجە دابڕێژرێت لە دوای ئەو رێککەتنە نەوتەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە. هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات لە داهاتی عێراق بە یەک تریلیۆن و 92 ملیار دینار کە ئەمەش بریتییە لە داهاتی مانگانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار کە ئەگەر بە هەزار و 300 دینار بیشکێنینەوە، واتە ئەو پاساوە لای حکومەتی فیدراڵی نامێنێت کە بەکاری بهێنێت و بڵێت، هەرێمی کوردستان نەوتی سەربەخۆی خۆی دەفرۆشێت و داهاتەکە دەگەڕێتەوە حیسابێکی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو: زۆر کەس دەڵێن پڕۆژەیاساکە خاڵی ئەرێنی زۆری تێدایە؛ هەندێکی دیکەش دەڵێن وا نییە. تۆ چی دەڵێیت؟
ئامانج رەحیم: ئەمە پرسیارێکی زۆر بەجێیە و پێم وایە کرۆکی بابەتەکەیە کە من لە توێژینەوەکەشمدا خستوومەتەڕوو. سوپاس بۆ رووداویش و بۆ هەموو دەزگا میدیاییەکانی دیکە کە بە گرنگەوە لێیان روانی؛ بێگومان یاسای بودجە دوو بەشە. بەشێکی تێکستە کە بریتییە لە دەقە یاساییەکان و بەشێکیشی ئەو خشتانەیە کە زۆر وردن و هاوپێچی یاساکەن کە بریتین لە داتا و ژمارە؛ ئەگەر ئێمە وەک داتا و ژمارە سەیری بودجەکە بکەین، پێم وایە بودجەیەکی زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە. بۆ نموونە، بێگومان بە نیسبەت ئێمە ئەوەی کە زۆر گرنگە مەسەلەی قەرەبووی فەرمانبەرانە، ئەوەی کە پێی دەگوترێت ''تعویضات الموظفین'' کە لە نێو بودجەکە چاپتەرێکە و بریتییە لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ دووەمیشییان بریتییە لەوەی کە پێی دەڵێن چاودێریی کۆمەڵایەتی کە ئەمە بریتییە لە مووچەی خانەنشینی و سێیەمیشییان بریتییە لە مووچەی پێشمەرگە، چونکە مووچەی پێشمەرگە لە نێو قەرەبووی فەرمانبەراندا نییە و خراوەتە نێو تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری و لە نێو سیادیدایە. یەکەمجارە لە بودجەی عێراقدا، سەقفی تەرخانکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 6 تریلیۆنەوە بەرزکراوەتەوە بۆ 9 تریلیۆن، واتە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 سێ تریلیۆن دینار زیاد کراوە بۆ تەرخانکردنی قەرەبووی فەرمانبەران؛ بۆیە ئەگەر ئێمە تەنیا ئەو تەرخانکراوەی کە بۆ مووچە داندراوە لەگەڵ ئەوەی خانەنشینی لێکبدەیندەوە، هەرێمی کوردستان مانگانە 887 ملیار دینار شایستەیی و مافی خۆیەتی کە وەریبگرێت.
رووداو: بۆ مووچە؟
ئامانج رەحیم: بۆ مووچە.
رووداو: بەڵام ئێمە 940 ملیارمان پێویستە، وا نییە؟
ئامانج رەحیم: ئێمە 910 ملیارمان پێویستە. پرسیارم لە وەزارەتی دارایی کرد و بۆ مانگی سێی ئەمساڵ کە دوایین مووچە بووە کە دراوە 910 ملیار دینار بریتی بووە لە تەمویلی مووچەی سەرانسەری هەرێمی کوردستان. لێرە نزیکەی 25 ملیار دینار لەوانەیە کورتهێنان هەبێت کە قابیلی پڕکردنەوەیە، چونکە 25 ملیار دینارەکە بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان و تەنیا تایبەت نییە بە پارێزگایەک یان پارێزگایەکی دیکە؛ بۆیە ئەگەر لەم رووەوە سەیری بکەین وەکو ژمارە، ژمارەیەکی بەرچاوە و بۆ یەکەمجارە کە بۆ بودجەی پێشمەرگە بە ژمارە نەک بە نیسبەت، لە نێو تەرخانکراودا [دیاری دەکرێت]؛ جاران نەماندەزانی دەگوترا نیسبەتێک لە تەرخانکراوی مووچەی هێزی وشکانی، بەڵام ئێستا دەستنیشانیان کردووە کە 288 ملیار دیناریان داناوە تەنیا بۆ مووچەی پێشمەرگە لەسەر سیادی؛ ئەمە لە دیوێکی یاساییشەوە دانپێدانانە بۆ ئەوەی کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و کە تۆ خستتە نێو وەزارەتی بەرگرییەوە، پێشمەرگە وەکو پێکهاتەیەکی بەرگری مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لە کۆتاییشدا ئەگەر سەیری بکەی ژمارەکانی دیکەش هەر بە هەمانشێوەن. زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار داندراوە بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بۆ مەسەلەی وەبەرهێنان کە پێی دەڵێن بودجەی (رأس مالی) و لە کۆی گشتیدا نزیکەی 16.6 تەنیا لە تەرخانکراوی جاری و وەبەرهێنان داندراوە. جگە لە سیادیش، تەرخانکراوی دیکەمان هەیە هەر بۆ هەرێمی کوردستان. مەسەلەی نەوت، بۆ یەکەمجارە بە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار پارە تەرخان بکرێت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان کە ئەمە گرنگە بۆ ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە و بۆ یەکەمجارە پترۆدۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە.
بۆ داهاتی هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەیفرۆشێت، لەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە، 5٪ دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە مەرجێک تەنیا بۆ پڕۆژە بەکاری بێننەوە نەک بۆ مەسەلەی بەکاربردن و جاری؛ بۆیە ئەگەر وەک ژمارە سەیری بکەی، ئەو بەڕێزانەش کە لە سۆشیاڵ میدیا هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤێرژنی یەکەمی رەشنووسی یاساکە زیاتر چاویان کەوتە سەر ژمارەکان، بەڵام خۆت دەزانی بەرەدەوام دەڵێن شەیتان لە نێو وەردەکارییەکانە. من زیاتر لە دوو سێ هەفتەیە خەریکی ئەو بابەتەم. بێگومان ئێمە کە وەک یاسایی دەچینە نێو تێکستەکان، ئەم ژمارە باشانە کە داندراون بۆ هەرێمی کوردستان کۆت و بەند کراون لە مادەی 12. لە نێو توێژینەوەکەش باسم کردووە کە مادەی 12 تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە بڕگەی یەکەم و بڕگەی دووەم.
لە بڕگەی یەکەم و دووەم دەڵێت، هەرێمی کوردستان ئەم ژمارانەی هەیە لە نێو خشتەکان جێگەی کراوەتەوە. خشتەی ج، د، ه، و خشتەیەک هەیە کە پێی دەڵێن خشتەی حیسابکردنی پشکی هەرێم لە بودجە (جدول احتساب حصە اقلیم)؛ لەوێ ئەم ژمارانەی کە باسم کرد هەمووی تێدایە. تەنیا لە پشکی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژانەی وەبەرهێنانیش داندراوە کە بە قەرزی دەرەکی تەمویل دەکرێن، بەڵام کە دێتە سەر نووسراوەکان، ئەم ژمارانەی کە داندراون، دەبێ لەسەر بنەمای خەرجیی راستەقینەی 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق بێت کە پێی دەگوترێت (المفاقل فعلی)، مەبەستی چییە؟ واتە ئەگەر هەرێمی کوردستان توانای هەبوو پشکی خۆی خەرج بکات، ئەوە نابێت هەموو پارەکەی پێ بدرێت؛ ساڵانی پێشووش وابوو، بەڵکو دەبێ بزانین ئێمە بۆ 15 پارێزگایەکەی دیکەی عێراق خەرجیی راستەقینەمان (انفاق فعلی) چەندە، ئەو کات 12.67ی خەرجیی راستەقینەکان خەرج دەکرێت.
ئینجا کێشەکە لێرە چییە؟ بێگومان ئەو ژمارە گەورەیەی کە باسمکرد بە پیترۆ دۆلار و ئەوانە، دەگاتە نزیکەی 20 تریلیۆن ساڵانە، بەڵام عێراق کەی 20 تریلیۆنەکە دەدات؟ ئەگەر هاتوو 200 تریلیۆن دینار داهاتی هەبوو، بەڵام ئەگەر سەیری چاپتەری یەکەمی موازنەکە بکەی، داهاتی عێراق 200 تریلیۆن دینار نییە، بەڵکو بریتییە لە خەمڵێندراوی خەرجییەکانی عێراق؛ 117 تریلیۆنی لە نەوت هەیە؛ سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت بە 70 دۆلار کە دەکاتە 117 تریلیۆن؛ 17 تریلیۆنیشی لە داهاتی نانەوتی هەیە کە دەکاتە 134 بۆ 135 تریلیۆن دینار؛ عێراق ئەمەی بە راستەقینە هەیە؛ 65 تریلیۆنی کورتهێنان هەیە کە پێویستی بە پڕکردنەوەیە. ئەو رێگەیەش کە لەبەر دەستی عێراقە بۆ پڕکردنەوەکە بریتییە لە قەرز کە دواتر ئەگەر پێت خۆش بوو باسی دەکەین.
جگە لە خەرجییە راستەقینەکان، کێشەکە ئەوەیە کە ئەمساڵ یەکەم جارە دەستەواژەیەکی دیکەشیان زیادکردووە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەشەکەی خۆی واتە 12.67٪ەکە تەنیا لە داهاتی گشتیی فرۆشی نەوتی عێراق و داهاتی گومرگی وەردەگرێت، واتە هەرێمی کوردستان بۆی نییە ئەگەر داهاتی نەوت دابەزێت و عێراق تووشی کورتهێنانێکی گەورە بوو، سوود وەربگێت لەو رێگەیانەی کە عێراق بەکاریان دەهێنێت و قەرز وەردەگرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە.
من بە ئەزموونی 10 ساڵەی خۆم کە کارم کردووە لە نێو ئەم دۆسیەیە، زۆر باش لە عەقڵییەت و بیرکردنەوەی تەیف سامی کە ئێستا وەزیری داراییە و ئەو کاتە بەڕێوەبەری گشتی بودجە بووە لە ساڵی 2010 و 2011 تێدەگەم. ئـێمە لە 2021 و 2022 کە سەردانی بەغدامان دەکرد، هەر تەیف لە پشتی ئەم بابەتانە بوو کە خەرجیی راستەقینە و ئەوانە [جێبەجێ] بکرێت؛ بۆیە ئێمە دەبێت زۆر بە وریایی لەگەڵ ئەم تێکستانە [مەمەڵە بکەین]، وەکو باسیشم کرد مەترسییەکە ئەوەیە ئێمە تاوەکو 2026 جارێکی دیکە دەرفەتی ئەوەمان نییە لە پەرلەمان قسەی [لەسەر بکەین].
رووداو: یانی چاککردنەوەی هەر هەڵەیەک، سێ ساڵ دەخایێنێت.
ئامانج رەحیم: بەڵێ، ئەمەش وەکو خۆت لە پێشەکییەکەدا باست کرد پەیوەندیدارە بە گیرفان و گوزەران و ژیانی ملیۆنێک و بە لایەنی کەمەوە 250 هەزار کەس. ئینجا حیساب بکە چەند خێزان دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان کە مووچەخۆرن.
رووداو: وەزیری دارایی، ئەگەر وەکو عەلی عەللاوی بێت، دەڵێن ئەمە ئەندازیارە و لە دارایی نازانێت؛ بۆیە عێراق کێشەی هەیە؛ بۆ تەیف سامی دەڵێن پۆڵایینە لە بواری داراییدا؟ یانی ئێمە دەتوانین کەڵک لەو پۆڵایینبوونەی وەربگرین یان ئێستا زیانمان لێ کردووە؟
ئامانج رەحیم: دەبێ ئێمەش بەرامبەر ئەوە، خەڵکێکمان هەبێت کە بتوانێت لە دانوستاندنەکاندا ئەم شتانە جێگیر بکات لە نێو [پڕۆژەیاساکەدا].
رووداو: کەسی وامان هەیە؟
ئامانج رەحیم: هەیە بەراستی هەم تیمی دانوستاندن کە زۆربەیان هاوڕێی خۆمن، هەم خۆم لە ساڵەکانی پێشتر؛ بەڵام ئەوەی کێشەیە ئەمساڵ ئەو داڕشتنەوە و ڤێرژنەی کە هاتووە، وەکو باسم کرد کێشەی تێدایە؛ یانی دەتوانین ئەگەر بیکەینە تایتڵ، بڵێین، جیاکاری هەرێمی کوردسیان کراوە لە 15 پارێزگایەی دیکە. بۆ 15 پارێزگایەکەی دیکە باسی خەرجیی راستەقینە ناکەن؛ باس لەوە ناکرێت ئەگەر کورتهێنان دروستبوو، بۆ نموونە، بەسرە کە بەرهەمهێنەری نەوتە، بگوترێت دەبێ تۆ تەنیا لە داهاتی نەوت و گومرگ بەشدار بیت.
پێم وایە زۆر قابیلی ئەوەشە کە رووبدات لەم سێ ساڵەدا نرخی نەوت دابەزێت، ئەگەر راپۆرتەکانی HSPC و ئەوانە بخوێنیتەوە کە راپۆرتی ساڵانەیان بۆ ئابووریی جیهان هەیە، پێشبینی دەکەن یەک یان دووجاری دیکە قەیرانی ساڵانی پێشوو رووبدات. خۆت دەزانیت [نەوتی] برێنت بوو بە 13 دۆلار تا وای لێهات بوو بە ماینس. ئەگەر حاڵەتێکی وەها رووبداتەوە، ئەو کاتە کورتهێنانێکی گەورە لە بەغدا دروستدەبێت، بەڵام ئایا عێراق لەو هەموو ئەزمە گەورەیەی کە جاران رووی تێکرد، هیچ کات لە پێدانی مووچە دوا کەوت؟ نەخێر، چونکە هۆشیاریی بانکی ناوەندی هەیە دەتوانێت قەواڵەی دارایی [ئیزداری سەنەداتی قەرز] بکات، دەتوانێت قەرزی سیادی وەربگرێت.
رووداو: ئێمە ناتوانین؟
ئامانج رەحیم: نەخێر ئێمە ناتوانین، لەبەر ئەوەی مادەی 110ی دەستوور ئەمانەی هەموو تایبەت کردووە بە دەسەڵاتی فیدراڵی.
رووداو: ئەگەر هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و بە 70 دۆلار بیفرۆشێت، نیوەی داهاتە نێوخۆییەکانی گومرگیش بنێرێت بۆ بەغدا، ئینجا عێراق پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت؟
ئامانج رەحیم: خۆی وەکو باسم کرد لە مادەی 12، بڕگەی دووەم ئەوەی زیادکردووە و دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان هەرچەند ئەو ژمارانەش داندراوە، دوو کۆت و بەندی بۆ داناوە. یەکیان دەڵێت بەپێی خەرجییە راستەقینەکان بێت، ئینجا بۆشت باس دەکەم و چارەسەرەکانیشم خستووەتەڕوو، ئەوە نییە وەکو بڵێیت کەناڵەکە داخرابێت و دەرفەتی ئەوە نەبێت کە هیچ بکەین. بۆیە ئەم هەفتەیە بەدواوە بودجە لە عێراقیش و هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بابەت، چونکە لەگەڵ دکتۆرە نەرمین قسەم کردووە و راپۆرتی لیژنەی دارایی ئامادە کراوە و خوێندنەوەی دووەم دەکرێت و راپۆرتی لیژنەی دارایی دەخوێندرێتەوە؛ دوایی بۆت باس دەکەم چی بکەین بۆ ئەوەی ئەمانە بکرێت.
کێشەکە ئەوەیە کاتێک دەڵێین عێراق دەبێتە خاوەنی 117 تریلیۆن دینار کە بریتییە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت، ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، چونکە کۆی گشتی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتە، سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیلی هی عێراقە، 400 هەزار بەرمیلیشی هی هەرێمی کوردستانە؛ بە فرۆشتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت ئێمە دەبینە خاوەنی 117 تریلیۆن دینار. عێراق دەڵێت چی بەم دەقە؟ دەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک نەیتوانی نەوتەکەی خۆی بفرۆشێت، ئەو کاتە بەشەکەی لە داهاتی گشتیی عێراق دادەبەزێت، بەپێی ئەو دەستەواژەیەی کە نووسیویانە، 117 تریلیۆنەکەش دادەبەزێت. ئەمە مەترسییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان. باشە ئەگەر تۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان وا دەکەیت بۆ لەگەڵ بەسرەش وا ناکەیت؟ کە لەو سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتە، دوو ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل هی بەسرەیە.
ئەگەر نرخی نەوت ببێتە 10 دۆلاریش، بەسرە رێگەی دیکەی لەبەر دەستە کە بتوانێت [قەرەبووی بکاتەوە]، بەڵام لە مادەی دوو دەڵێت نیسبەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو حاڵەتێکدا تەنیا حیساب دەکرێت لە سەر بنەمای داهاتی نەوت و داهاتە گومرگییەکان.
رووداو: بەڵام ئەمە لەگەڵ قسەی سوودانی کە دەڵێت "نەوت بڕوات و نەڕوات پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردڕیت،" دژ بە یەک نین؟
ئامانج رەحیم: یەکێک لە دیوە باشەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە کە باسمکرد، یەکەمجارە کە هەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکەی نافرۆشێت و داهاتەکەش دەچێتە هەژمارێکی بانکی و یەکەم جارە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە گەورەکردنی (تەعزیمی) داهاتی عێراق، وەکو باسم کرد، مانگانە بە بڕی یەک تریلیۆن و 92 ملیار دینار، داهاتەکە دەچێتە نێو ئەو هەژمارەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە 50٪ی داهاتە گومرگییەکانی خۆشمان هەر دەدەینەوە بە عێراق، ئەمە خاڵی بەهێزە.
رووداو: ئەوە تەنیا هی نەوتە و 50٪ی داهاتی گومرگی لەگەڵ نییە؟
ئامانج رەحیم: ئەوە تەنیا هی نەوتە، بۆ 50٪ـەکەی هەژمارمکردووە، دەبێ مانگانە 65 ملیار دینار بدەینە عێراق، چونکە وەزارەتی دارایی خۆی بە 130 ملیاری داناوە، دابەش دووی بکە، 65ی بۆ ئێمەیە و 65ی بۆ ئەوانە.
رووداو: زۆری گوتووە یان باشە؟
ئامانج رەحیم: بە رای من باشە، واتە ژمارەکە گونجاوە، بێگومان جگە لەوەی دەبێ ئێمە قیستی TBIش بدەینەوە کە مانگانە 53 ملیار دینارە، لە یاسایەکە خۆت بینیوتە کە کاتی خۆی ئەو چەکانەی بەبێ رەسید بوون کڕیوییەتەوە، ئەوەش بووەتە ماڵ لەسەرمانەوە. هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا بە 14 تریلیۆن و 520 ملیار دینار بەشدارە لە نێو بودجەی عێراق، بۆیە ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئێمە دەتوانین لە دانوستاندنەکان بەکاریبهێنین و ئەم پاساوە نەماوە کە جاران دەیانگوت نەوتی خۆتان دەفرۆشن، ئێستا سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە مادەی یەکدا هەرێمی کوردستان ئەرکدار کراوە کە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت ئامادە بکات، هەر کەمبوونەوەیەک لە 117 تریلیۆنەکە کە ئەگەر 400 هەزار بەرمیلەکە نەنێردرێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش بەوە کەم دەبێتەوە. جا با لێرە زۆر دوور نەکەوینەوە گرنگە ئێستا خەڵک بزانێت، [رەنگە بڵێت] ئەمە کێشەی من نییە، بەڵام چۆنی چارەسەر دەکەن، کاتمان زۆر لەبەر دەست نییە. گۆڕینی دەستەواژە یاساییەکان کە نەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقفی بودجە، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، ئێستا لابردنی خەرجیی (فعلی) و لابردنی ئەم دەستەواژەیەی کە دەڵێت پشکی هەرێم لە هیچ بارێکدا نابێت رێژەکەی لە دەرەوەی داهاتی نەوتیی عێراق و گومرگ بێت، ئەم دوو خاڵە لاببرێت، پێموایە ئەو ژمارانەی کە بۆمان داندراوە لە خشتەکە، دەتوانین ئێمە [زیادی بکەین]، ئەگەر لە عێراقیش بووە بە 13 دۆلار یان بووەوە (ماینس)، ئێمەش سوودمەند دەبین لەو رێگەیانەی کە عێراق بەکاری دەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، بەڵام ئەگەر ئەم دەقە هەبێت، سنوورداری دەکات و دەڵێت هەرێمی کوردستان 12.67٪کەی خۆی تەنیا لە داهاتی نەوتی و دەروازە سنوورییەکان وەردەگرێت.
رووداو: ئەمە بە رێککەوتنی سیاسی دەکرێت یان لەبەردەم نەشتەری لیژنەی دارایی چارسەر دەکرێت؟
ئامانج رەحیم: بە خوا من سیاسی نیم، باسی سیاسەت ناکەم، بەڵام لە دەستوور، یاسا و بودجە دەزانم، ئەمە دەتوانیت قەناعەتیان پێ بکەیت، هەم لە نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە وا بڕیارە 10ی ئەم مانگە کۆببنەوە و دوا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکە بکەن، دەبێ ئێمەی خەڵکی بە یەکێتی و پارتیشەوە کە لە نێو هاوپەیمانییەکەدا کار دەکەن، کاخەزێک ئامادە بکەین کە من ئامادەم کردووە، بە زمانێکی عەرەبی پاراو و رێکوپێک، ئێستا بۆ نموونە کە تۆ دەڵێیت خەرجییەکانی (فعلی) بە راستی ئەمە نادادپەروەرییە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی دەکەیت، کە تۆ لەگەڵ بەسرە ئەوە ناکەیت بۆ لەگەڵ هەرێم بە خەرجییەکانی فعلی کار دەکەیت، یان چارەسەرێکی دیکەم داناوە لە توێژینەوەکەمدا، دەڵێم هیچ نەبێت خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بخەنە خەرجییە گشتییەکانی عێراقەوە، ئەو کاتە 12.67کەی ئێمە بەرز دەبێتەوە، ئێستا ئەگەر حیسابی مانگی سێ بکەین، ئێمە مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچە دەیدەین، پێش ئەوەی بێم [بۆ ستۆدیۆی رووداو] لە مامۆستا رێبازیش کە بەڕێوەبەری مەکتەبی کاک ئاواتە پرسیارم کرد، گوتی نزیکەی 160 ملیاریش خەرجیی مانگانەی بەکاربردنمان هەیە، کۆی بکەرەوە چەند دەکات؟ تریلیۆنێک و 70 ملیار دینار، کەوابوو ئێمە تریلیۆنێک و 70 ملیار دینار خەرجیی مانگانەمانە، ئەمە پێیدەگوترێت خەرجیی راستەقینە (فعلی)، خەرجیی راستەقینە جیاوازیی چییە؟ ئەم ژمارانە پێیاندەگوترێت (الأرقام المخمنە)، بودجە خەمڵاندنە، خەرجیی راستەقینە لە چی دەردەکەوێت؟ لە حیساباتی کۆتاییدا، لە کۆتایی هەموو مانگێک دەبێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەوڵەت و یەکە خەرجییەکان، (میزانی موراجعە) بنێرن بۆ [وەزارەتی] دارایی و لەوێ دەردەکەوێت.
ئێمە گوتومانە ئەگەر خەرجیی راستەقینەش بمێنێتەوە کێشەمان نییە، بەڵام فەرموون وەرن خەرجییەکانی مانگانەی ئێمەش بخەنە نێو خەرجیی راستەقینەی عێراق، ئەو کاتە خەرجییە راستەقینەکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و تەنیا خەرجیی راستەقینەی عێراق حیساب بکەی ئەو کاتەی پشکی ئێمە [کەمتر دەبێت].
زۆر جار عەلی عەلاوی کە لە 2022 دەچووین و گەنگەشەی خەرجیی راستەقینەمان دەکرد کە بۆ 20 ملیارەکە لە ساڵی 2021 و 2022 دەچووین، دەیانگوت ئەگەر ئێمە خەرجیی راستەقینەتان بۆ حیساب بکەین، ئێوە قەرزاری ئێمە دەبن، بۆیە من ترسم لێ نیشتووە کە ئەو دەستەواژەیە وەکو خۆت گوتت دوو وشەیە، بەڵام بەتاڵکردنی (تەفریغی) ژمارەکانی نێو بودجەیە.
رووداو: 10 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 683 هەزارە و ئەم قسەیە ناگۆڕێت، عێراق مووچەی ئەو 683 هەزار کەسە دەنێرێت یان مووچەی ملیۆنێک و 250 هەزار کەسەکە؟
ئامانج رەحیم: دەبێ بیکەین بە سێ بەشەوە، بەشێکی بریتییە لە فەرمانبەری مەدەنی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ کە ئەمە 682 هەزار و ئەوەندەیە، خانەنشینیش تۆ لەسەر ملیۆنێک و 250 هەزارەکە حیسابت کردووە، کە خانەنشین تەرخانکراوی خۆی جیایە و تریلیۆنێک زیاتری بۆ داندراوە، بۆیە ئەو 9 تریلیۆنە بە جیا تەنیا بۆ ئەو بەشانەیە کە باسم کرد، خانەنشینیش پارەی بۆ داندراوە، لەولاشەوە ئێمە پارەیەکی زیادەشمان لەم دوو پارەیە بۆ داندراوە، کە بریتییە لە تەرخانکراوی پێشمەرگە، کە 288 ملیار دینارە و لەسەر پشکی وەزارەتی بەرگرییە، بۆیە ئەگەر ئەو ژمارانە وەکو خەرجیی راستەقینە لابەرین و ئەو دەستەواژەی دیکەش لابەرین، ئەم ژمارانە بێت...[باشترە]. با من نموونەیەکت بۆ بێنمەوە، من دەمێکە لە حکومەت کار دەکەم، ساڵی 2013 دوایین ساڵی باشترینی پەیوەندیی ئابووری نێوان ئێمە و بەغدا بوو، دەقەکەی ئەو کاتیم هێنایەوە کە لە مادەی 10دا بوو، لەوێ نە خەرجیی راستەقینەی تێدایە نە ئەم دەستەواژانە، دەڵێت هەرێمی کوردستان 17٪ی کۆی خەرجیی عێراق وەردەگرێت، نە خەرجیی راستەقینە و نە هیچی دیکەش، لە بیرمە تاوەکو مانگی یەکیش لە ساڵی 2014، هەرێمی کوردستان یەک تریلیۆن و 250 ملیار دیناری بۆ دەهات، خۆ هەر ئەو تەیفە کاتی خۆی بەڕێوەبەری گشتیی بودجە بوو، ئەی بۆچی؟ چونکە یاسایەکە رێگەی دەدا. من لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ محەممەد شیاع سوودانی و پێموایە پیاوێکی جیددییە و دەیەوێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بەڵام خۆت دەزانی ئەم بابەتانە دێتە خوارەوە، لەوانەیە لەسەر ئاستی وەزیر، سەرۆکوەزیران و لەسەر ئاستی سیاسییەکان قسەی [لەسەر نەبێت]، بەڵام کە دێتە خوارەوە، بە تایبەتی لە عێراق پرسی دەستپاکی و لێپرسینەوەی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان هیچ کەسێک خۆی لێ نادات، چونکە بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و (موحاسبە) لە وەزارەتی دارایی مامەڵە لەگەڵ دەقەکان دەکات، مامەڵە لەگەڵ ژمارە دەکات، بۆیە ئەو دیوە سیاسییەی نییەتەکە هەیە، بەڵام دەبێ لە خواریشەوە بیکەن، بۆ نموونە خالێکی دیکە کە لە توێژینەوەکەمدا باسم لێکردووە دوایی ئەگەر پێتخۆش بوو لەسەر مەسەلەی نەوت باسی دەکەین، دەزانی عێراق چەندی داناوە بۆ خەرجییەکانی نەوت؟ 23.8 تریلیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنان و بەبازارکردن و فرۆشتنی سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت، بۆ هەرێمی کوردستان 3.6 تریلیۆن دیناری داناوە بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت، ئێمە بە راستی ئەگەر قەرزەکانی لێ دەربکەین بۆ ساڵی 2022، با نموونە وەربگرین، باسی قەرز و پارەی پێشەکی ناکەم ئەو پارەیەی کە پێویستە بدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت یان بدرێتە حەقی گواستنەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان یان لە دیوی تورکیا، چونکە هەرێمی کوردستان هەتا دەیگەیێنێتە بەندەری جەیهان، بەپێی دەستوور رەوایی (سەڵاحییەتی) ماوە، چونکە ئەو بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریسیش هیچ باسی لە قۆناخەکانی بەرهەمهێنان، گرێبستەکان و تەنانەت باسی گواستنەوەشی [نەکردووە] هەتا ئەو جێیەی باسی بارکردن (لۆدین) دەکات لە پێنج پڕۆسەکە، بۆیە هەمووی ئەمانە دەبێت تەرخانکراوی هەبێت کە پابەندییەکانی کۆنن، بۆ ئاگاداریت ئێستا هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی نەوت هی چەند مانگی پێشوو قەرزارە، کە ئەمانە دەبێت جێیان بکرێتەوە، ئەگەر ئەمانە جێ نەکەینەوە ئەو کاتە هەرێمی کوردستان ...
رووداو: دەبێ چۆنی جێ بکەینەوە؟
ئامانج رەحیم: دەبێ جێبکرێتەوە چۆن بۆ بەغدا 23 تریلیۆنت داناوە لەسەر تەرخانکراوی وەزارەتی نەوت، دەبێ ئەم ژمارەیەش زیاد بکەین، بە لایەنی کەمەوە پێویستیمان بە دوو تریلیۆن زیاترە کە بخرێتە سەر تەرخانکراوی ئەمە لەسەر بودجەی سیادی. پارەی نەوتی عێراق، لە کوێ داندراوە؟ لە نێو سیادیدا داندراوە، سیادیش لە هەرێمی کوردستان، پشکەکەی وا هەژمار دەکرێت کە هەمووی لێ دەبڕدرێت، کەواتە لە هەر بەرمیلێکی نەوت کە بەرهەم دەهێنرێت، هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ لە خەرجییەکەی بەشدارە. چی قەرز وەرگیراوە لە عێراق، دڵنیام لیستی قەرزەکانیشت بینیوە، هەمووی چووەتە نێو سیادی، قەرزی عێراق ساڵانی پێشووش بە ئێستاشەوە کە قەرزی تازە دەکەن بە سوودەوە، (خدمەی دەینەوە)، بە قیستەکانیشەوە، ئێمە 12.67٪ لەم قەرزانە دەدەینەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان 64 ملیار دیناری بۆ داندراوە بۆ پڕۆژەکانی قەرز.
رووداو: با بابەتی مووچە یەکلایی بکەینەوە چونکە باسی نەوت دەکەین.
ئامانج رەحیم: مووچەکەم بۆ یەکلایی کردییەوە و گوتم ئێمە کێشەمان نییە لە ژمارە.
رووداو: مەبەستم 680 هەزارەکە بوو.
ئامانج رەحیم: ئەو ژمارەیە نزیکە لە ژمارەی قەرەبووی فەرمانبەرانی خۆمان. هی پێشمەرگە جیایە وەکو باسم کرد، خانەنشینیش تێکەڵ مەکە، چاودێریی کۆمەڵایەتیشی تێدایە، چونکە ملیۆنێک و 250 هەزار هەمووی هەر مووچەخۆر نین.
رووداو: زیاتر لە 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە بە سەربازی و شارستانییەوە واتە 70 هەزارێکمان جیاوازە.
ئامانج رەحیم: پێموانییە ژمارەکە زۆر گەورە بێت، چونکە خانەنشینی بە جیا حیساب کراوە.
رووداو: بۆچی ئەو لەماوەی چوار مانگدا 500 هەزار کەس دادەمەزرێنێت، بەڵام هی ئێمە هەر لە جێی خۆیەتی، ئەمە بابەتی گفتوگۆ نییە؟
ئامانج رەحیم: پێموایە ئەمە خاڵیکی ئەرێنییە و زۆر خۆمانی لێ نەدەین، چونکە تائێستا تەرخانکراوی قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێم نەگەیشتووەتە 9 تریلیۆن [دینار]، وەکو بۆم باس کردی 9 تریلیۆنیان بۆ ئێمە داناوە، سێ تریلیۆن زۆرە لە بودجە کە لە شەشەوە ببێتە 9 تریلیۆن، پێموایە ئەم ژمارەیە کە دانراوە، وەکو باسم کرد بۆ سەرانسەری هەرێمە و ئینشائەڵڵا ئەگەر ئەو ژمارەیەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشیی، قەرەبووی فەرمانبەران، پارەی پێشمەرگەمان پێبگات، بۆ خۆشت دەزانی ئەمریکییەکانیش لە هاوپەیمانی تاوەکو ئێستاش لە کۆنگرێسیش تازە کراوەتەوە بۆ چەند ساڵی دیکەش نزیکەی 20 ملیۆن دۆلارمان دەدەنێ، پێموایە 50٪ی داهاتی نێوخۆش بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە و ئێستا ئێمە کار دەکەین لەسەر ئەوە بتوانین مەسەلەی جێکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە [جێبەجێ بکەین]، ئێستا باسی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانیش دەکەین کە بەدڵنیاییەوە جێگەی سەرنجی خەڵکە و جێی ئەمانە دەبێ بکەینەوە. لەوانەیە لە بەرنامەیەکی 20 یان 25 خولەکی زۆر کاتی ئەوە نەبێت، بۆیە پێمخۆشە زۆر سەرنج بخەینە سەر ئەو تەوەرانەی جێگەی سەرنجن.
رووداو: بۆ مووچەخۆران و پاشەکەوتی مووچەخۆران چ چارەسەرێک هەیە؟
ئامانج رەحیم: من گوێم لێبوو هەندێک ئەندام پەرلەمانی بەڕێز لە بەغدا لە سۆشیالمیدیا باسیان لەوە کرد، هەوڵدەدەن و نووسراو دەنێرن بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، بێگومان من پێمخۆشە و هاوکاریشیان دەکەم، بەڵام ئەوە ئالیەت و میکانیزمی خۆی هەیە، ئەگەر سەیری بکەی لە نێو یاسای بودجەدا مادەیەک هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات، دەڵێت هەر شایستەیەک کە هەرێم داوای دەکات لەلای حکومەتی فیدراڵییە، سەرەتا یاسایەکە دانی پێ داناوە و خۆت دەزانی هەر خەرجیی حاکیمە وەربگرێت، ئێمە لە ژیانمان لە 2006ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ کات 100٪ی خەرجیی حاکیمەمان بۆ نەهاتووە، مەسەلەی دەرمان و مەسەلەی بەشەخۆراک و ئەوانە، ئەوانەش هەمووی کراونەتە خشتە، بەڵام کێشەکە چییە کە بە جێیهێشتووە، ئەمە دەڵێت هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی دەبێت بێن هەڵسەنگاندنی ئەم پاشەکەوتە بکەن، بزانن ئایا ئەو خەڵکەی ئەم ژمارەیەی مووچەیان وەرنەگرتووە پاشەکەوتەکە چەندە، راپۆرتێک پێشکێش دەکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە نێو یاسای بودجەدا هیچ تەرخانکراوێک بۆ ئەم بابەتە دانەندراوە، بۆخۆشت دەزانی یاسای ئیدارەی ماڵی چی دەڵێت، دەقێکی تێدایە زۆر روونە، دەڵێت کاتێک کە بودجە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هیچ یەکەیەکی خەرجی بۆی نییە هیچ پارەیەک بە هیچ پاساوێک خەرج بکات، ئەگەر لە نێو یاسای بودجە تەرخانکراوی نەبێت؛ بۆیە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت شەڕی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەبێ لە نێو یاسای بودجە تەرخانکراوی بۆ دابنێین و بە تایبەتیش ئەگەر وەکو قەرز و پابەندی ئیدارەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەکرێت بخرێتە نێو خشتەی سیادییەوە.
رووداو: ئەوە زۆری پێناچێت؟
ئامانج رەحیم: ئەگەر ئەزموونی ساڵی پاری هەردوو دیوانی چاودێریی داراییت لە یاد بێت، بە راستی ئەزموونێکی زۆر باش بوو، ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و خەرجییەکان مۆری دیوانی چاودێریی دارایی بەغدای پێوەیە بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ ئەمە شتێکی باشە و بۆ یەکەم جارە لە دیوانی چاودێریی داریی عێراق خەرجیی راستەقینەی ئێمە پشتڕاست کراوەتەوە، جا ئەگەر بۆ ئەو شەڕەی گوتم ئەگەر خەرجییەکانی خۆمان بخەینە نێو خەرجیی راستەقینەی عێراق، دیوانی چاودێریی دارایی پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئێمە مانگانە پێویستیمان بە 910 ملیار دینارە بۆ مووچە، ئەم هەنگاوانە پێشتر نەنراون، بۆیە پێموایە ئێستا پەیوەندییەکی باش هەیە لە نێوان هەردوو دیوانی چاودێریی هەرێم و بەغدا و قابیلی ئەوەشە کاری لەسەر بکەین کە ئەگەر ئەو بەڕێزانەی، کە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانن لە بەغدا، بتوانن لە ژمارەیەک بپچڕن، مەرج نییە هەمووشی بێت، بکرێتە چەند قیستی ساڵانە و بەشێکی بخرێتە نێو بودجە و تەرخانکراوی بۆ دابنرێت، بۆچی نا؟
رووداو: سەبارەت بە نەوت، ئێمە خەرجی و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانمان زیاترە لەوەی کە عێراق بۆی داناوین، ئەو کورتهێنانە چەندە و چۆن دەتوانین چارەسەری بکەین؟
ئامانج رەحیم: ئەو کورتهێنانە نزیکەی دوو تریلیۆنە، نەک بۆ پڕکردنەوەی قەرز و پابەندیی دارایی پەیوەست بە نەوتی ساڵانی پێشوو؛ ئەگەر ئێمە بمانەوێت پابەندیی کۆمپانیاکانی نەوت بکەین، کە بتوانن 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بێنن، تاوەکو پابەندییەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین، پێویستیمان بەوە هەیە خەرجییەکان دابین بکەین، وەکو باسیشمان کرد، بێگومان لە راپۆرتەکانی دیلۆیت، بە ئاشکرا هاتووە کە خەرجییەکانی نەوت هەموو کات زیاتر بووە لەو داهاتە سافەی کە ماوەتەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەگەر بەراورد بکەی لە نێوان میکانیزمی حیسابکردنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغدا و لە هەرێم، جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە، عێراق 100 ساڵە خاوەنی بزنس و پیشەسازیی نەوتە. گرێبەستەکانی گرێبەستی خزمەتگوزارین، کە کۆمپانیاکان لە دەرەوە هاتوون بە نەوتی عێراق وەبەرهێنانیان کردووە، ئەوان هاوبەش نین، واتە گرێبەستی هاوبەش نییە، ئەوان بەڵێندەرایەتییان کردووە، لە بەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوت کە بفرۆشرێت، نیسبەتێک وەردەگرن وەکو حەقدەست، بەڵام هی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان کە هاتوون لە سفرەوە دەستیان پێکردووە، ریسکی تێدایە بۆیە لە زۆر وڵات بە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان دەگوترێت، ریسک کۆنتراکت، خۆت دەزانی ئیکسۆن مۆبیل هاتنە ئێرە شەش بلۆکیان وەرگرت و دوو ملیار دۆلاریشیان خەرج کرد، بەڵام دڵۆپێک نەوتیان نەدۆزییەوە، ئەمە ریسکە؛ بۆ نموونە کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە ئەم ریسکەی تێدا نییە، وەکو باسم کرد بەرهەمهێنانی زۆرە و یەدەگی عێراقیش لە ئاستی جیهاندا [لە سەرووی وڵاتانە]. ئێستا عێراق دەبێت رەچاوی ئەوە بکات کە هەرێمی کوردستان لە چ دۆخێکی دارایی دایە و بە چ چوارچێوەیەکی یاسایی پەیوەندی هەیە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، بێگومان ئەگەر بڵێیت ئەمە قابیلی چاوپێخشاندنەوە نییە، بەڵی قابیلی چاوپێخشاندنەوەیە، دەتوانێت چارەسەر بکرێت.
رووداو: دەتوانرێت چارەسەر بکرێت؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ، ئێستا بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریست هەیە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیت هەیە و ئێستا ئەو رێککەوتنە هەیە لە نێوان هەردوو لا و هەرێمی کوردستان پێش ئەم قەیرانەش خۆی نیەتی ئەوەی هەبوو، کە بە گرێبەستەکانی نەوتدا بچێتەوە، خۆت دەزانی رێژەیەک لە (دیسکاونت)ی نەوتیش دابەزی لە ماوەیەکدا کە دۆخ باش بوو.
رووداو: کۆمپانیاکان رازی دەبن بە دەستکارییەکە؟
ئامانج رەحیم: خۆی چاپتەرێک هەیە لە نێو کۆمپانیاکان کە کراوەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام ئەمە پێویستی بە کاتە، چونکە نێوەرۆکی گرێبەستەکە هەمووی یەک پاکێجە و ئەگەر دەستکاریی یەک خاڵ بکرێت باڵانسەکە تێکدەچێت، شتێک هەیە لە نێو گرێىەست کە پێیدەڵێن Stability (جێگیری) واتە تۆ دەستکاریی یەک شت بکەی، جێگریریی گرێبەستەکە تێکدەچێت، ئەم کۆمپانیایانەش بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە من لەگەڵ ئەوەم کە سەرلەنوێ چاو بە گرێبەستەکاندا بخشێنینەوە، لەو گرێبەستانەی کە لە 2007ـەوە کراوە هەتا ئێستا و قابیلی چاوپێخشاندنەوەشن.
رووداو: ئەوە کاتێکی زۆری پێویستە.
ئامانج رەحیم: منیش هەر ئەوە دەڵێم، با ئێمە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چی مومکینە لەم هەفتەیەدا بکرێت، وەکو باسم کرد ئەم دەستەواژانەی کە جیاکارییە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان کە دەستووریش رێگە نادات هەرێمی کوردستان جیاکاری لەگەڵ بکرێت، لابردنی دەستەواژەی خەرجیی راستەقینە لە مادەی 12 لە بڕگەی یەک و دوو.
رووداو: ئەوە گرێکوێرەکە دەکاتەوە؟
ئامانج رەحیم: ئەمە گرنگە، ژمارەکانمان بۆ دێنێت، ئەو ژمارانەی کە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، من مووچەی هەرێمی کوردستان دەدەم، ئەو کاتە ئەو قسە سیاسییە پۆشینێکی یاسایی و ژمارەیی، ئابووری و داراییشی دەبێت. دووەمیشییان ئەم دەستەواژەیەی دیکە کە باسم کرد، کە باس لەوە دەکات هەرێمی کوردستان رێژەی خۆی لە داهاتی نەوت و گومرگ وەردەگرێت، لایبەرین. ئێمە با سوودمەند بین لەوەی کە ئەگەر سبەی کورتهێنانی گەورە دروست بوو، یەدەگی بانکی ناوەندی، خۆت دەزانی ژمارەیەکی زۆر گەورەیە من نازانم ئێستا چەندە، عێراق لەو هەموو ساڵەدا تووشی پاشەکەوتی مووچە بوو؟ نەخێر، چونکە یەدەگی بانکی ناوەندی لە پشت بوو، دووەم، عێراق خۆت دەزانیت قەواڵە دەردەکات، جگە لەوە عێراق بەو ئیعتیبارەی کە کیانێکی سیادییە، بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی نەختینەیی جیهانی، یارمەتی عێراق دەدەن بۆ ئەوەی بتوانێت قەرزی سیادی وەربگرێت بە رێژەی سودێکی کەم، تۆ سەیری قەرزەکانی عێراق بکە، هیچی لە 5 ٪ تێپەڕ نابێت، کاتی خۆی هەرێمی کوردستان ویستی لە دۆیچە بانک و گوڵدمەن ساکس لە ساڵی 2015 قەرز وەربگرێت، گۆڵدمان ساکس رازی بوو قەرز بدات بە 11٪ی رێژەی سوودەوە، بەڵام عێراق بەهۆی ئەو سیادیەی کە هەیەتی، لەبەر ئەوەی بانکی نێودەوڵەتی پشتگیری دەکات، ئەوانە دەبنە گەرەنتیکاری عێراق بۆ ئەوەی کە بە رێژەی سوودێکی زۆر کەم قەرزەکە وەربگرێت.
رووداو: ئەو قەرزە نەکرا؟
ئامانج رەحیم: نەخێر، چونکە 11٪ زیادی دەکرد.
رووداو: بەم شێوەیە بێت قازانج سەری مایەی دەخوات، راستە؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ. ئەمە کێ دەبێ بیکات، لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت، لەبەر ئەوەی سەقفی بودجە بەرز ناکاتەوە. وەک دەزانی دڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بریتییە لە لیژنەی دارایی، لەم 24 ئەندامەی لیژنەی دارایی ئێمە چوار ئەنداممان هەیە، من لەگەڵ جەمال کۆچەر لەسەر هێڵم و ئەم راپۆرتەم زوو پێداون، بە د. نەرمین و ئیخلاس خان، لەگەڵ هەموویان لەسەر هێڵ بووم، بەڵام ئەوان دەڵێن رێنماییەکانی لیژنەی دارایی بە دەنگدان یەکلایی دەبێتەوە، بۆیە ئێمە بە چوار دەنگ ناتوانین شتێکی ئەوتۆ بکەین. من لە کۆتایی توێژینەوەکەم داوامکردووە لەسەر چەند ئاستێک کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین. 10ی مانگ ئەگەر کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، گرنگە هەردوو نوێنەرە سیاسییەکانی ئێمە کە لەو کۆبوونەوەیە ئامادە دەبن، چ یەکێتی نیشتمانی و چ پارتی دیموکراتی کوردستان، گرنگە لاپەڕەیەکیان بۆ ئامادە بکەین و ئەگەر بکرێت ئێمەش لەگەڵیان بین و پریزنتەیشنێک بکەین بۆ هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەشی ئەوەش سەنەدی دەستووریمان هەیە. لە مادەی 106ی دەستوور ئاماژە بەوە دراوە کە هەر قەرزێکی عێراق وەریدەگرێت، دەبێ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی هەرێمی کوردستانیشی لێ بدات، واتا ئێمە لە هەر قەرزێکی عێراق وەریدەگرێت، مافی خۆمانە 12.67٪ی وەربگرین.
رووداو: گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو گوتی کە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 800 هەزار کەسن و دەکاتە رێژەی 12٪ی دانیشتووانی عێراق، کە بە حاسیبە لێکماندایەوە کردی بە 14٪ی دانیشتووانی عێراق، ئەو جیاوازییە یەکجار زۆرە و بۆ سێ ساڵیش پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ لەناو یاسای بودجەدا چەسپاوە، هەرێمی کوردستان بۆ بەمە رازیبووە؟
ئامانج رەحیم: من نووسراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقم لەلایە، بە نووسراو دیاری کردووە کە هەرێمی کوردستان 14٪ی ژمارەی دانیشتووانی عێراقە، ئەوە نووسراوێکە کە پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا داوای لە وەزارەتی پلاندانان کردووە روونکردنەوە بدات و پرسیویەتی، سەرژمێری لە عێراق نەکراوە، ئەی 17٪ی هەرێمی کوردستانتان چۆن کرا بە 12.67؟ وەزارەتیش وەڵامیداوەتەوە کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 5.4 ملیۆن کەسە و دانیشتووانی عێراقیش 38 ملیۆن و 164 هەزار کەسە. نووسراوەکە لە ساڵی 2017 کراوە و دەڵێت هەرێمی کوردستان مافی 14٪یە، بۆیە دەڵێم کاتێک کە ئێمە دەچین لە بەغدا دانوستاندن دەکەین، لە سەرەوە سەرۆکی فراکسیۆنەکان، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی کوتلەکان و سەرۆکی حیزبە عێراقییەکان زۆر پەیوەندیدار نین بە وردەکارییەکان، بۆیە دەبێت لەگەڵ تیمە سیاسییەکە، تیمێکی پرۆفیشناڵی ئابووری و یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی تووشی ئەو بابەتانە نەبین. ئەگەر تۆ لەگەڵ سیاسییەکان دابنیشی و بەم قسەیەی من تێیانبگەیەنی، بەتایبەتیش ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان خاڵی بەهێزی هەیە لە دانوستاندنەکان، لەوانەیە لەڕووی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستمان خراپ بێت، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا پاساوی ئەوەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆمان دەفرۆشین و پارە وەردەگرین و دەچێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان و هێشتاش دەمانەوێت لە بەشی بەسرەش بخۆین، ئەمە نەماوە، چونکە رێککەوتن لەنێوان هەردوولا کراوە، کە لەمەودوا سۆمۆ نەوت بفرۆشێت و کە سۆمۆش فرۆشتی، وەکو نەوتی شوێنەکانی دیکەی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکات و پارەکەشی دەچێتە هەژمارێکی بانکییەوە کە لەژێر چاودێری و وردبینی دیوانی چاودێری دارایی عێراقدایە، بۆیە پێموایە ئەوە خاڵێکی بەهێزە، ئەوە بێجگە لەو بابەتە دەستوورییانەی کە ئاماژەم پێدا، وەکو مادەی 112 کە ئاماژە بەوە دەدات، دەبێت رێژەیەکی دادپەروەرانە لە بودجە بدرێتە هەرێمی کوردستان و مادەی 106 بە روونی باسی قەرز دەکات، بەڵام پرسی خەرجی فیعلی زۆر ناکۆکە لەگەڵ بنەمای بەیەکەوە ئیدارەکردن، بۆیە بەشێکی کاری ئەنجوومەنی وەزیران گۆڕینی دەستەواژەیە و سەقفی بودجە بەرز ناکاتەوە. بەشێکی دیکەش بۆ نەوتە کە دەبێت دوو ترلیۆن دینار بە ژمارە بخرێتە سەر خەرجییەکانی و تۆ دەتوانی پشت بەو بەڵگەیە ببەستی کە عێراق بۆ سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت 23 ترلیۆن داندراوە، هەرێمی کوردستانیش 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بە بەراورد بەوەی عێراق با دوو ترلیۆن دیناری دیکەی بۆ زیادبکەن. ئەوکات کە کێشە دروستدەبێت لە دانەوەی حەقدەستی کۆمپانیاکان، سەرۆکوەزیران دەتوانێت دەستوەردانی دەستووری بکات، بەڵام ئەمە سەقفی بودجە بەرزدەکاتەوە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، هەرکات لە پەرلەمان پێشنیازێک کرا بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی بودجە، پێشنیازەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
رووداو: بە موناقەلە ئەوە چارەسەر ناکرێت؟
ئامانج رەحیم: نا بە موناقەلە ئەمە ناکرێت، ئەوە سەقفە و موناقەلە دەبێت لە چوارچێوەی ئەو سەقفەدابێت. لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێویستە کار لەسەر وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت بکەین، هاوکات ئێمە خەڵکی بەتوانامان لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، د. فوئاد حوسێن، د. خالید شوانی، کە خۆی دکتۆراکەی لە بواری بودجەیە و کەسێکی بەتوانا و شارەزایە، کاک بەنگینە، ئەو بەڕێزانە کە لەوێن، پێموایە دەبێت ئەوان لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانیش کار بکەن، چونکە ئێستا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وەکو جاران نییە، کە رێنماییە سیاسییەکە هات بۆ حکومەت یان ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو رێنماییە جێبەجێ دەکرێت. ئێستا مەرکەزیەتێکی باش هەیە لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. بۆیە من لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە داوا دەکەم کۆبوونەوەیەک بە هەموو ئەندامانی کوردستانی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
رووداو: درەنگ نییە بۆ ئەم بابەتە؟
ئامانج رەحیم: نەخێر درەنگ نییە، هێشتا تازە راپۆرتی لیژنەی دارایی دەنووسرێتەوە و ئێمە دەتوانین لە رێگەی ئەندامەکانی خۆمان لە لیژنەی دارایی وابکەین ماوەیەک راپۆرتەکە رابگرین تاوەکو دۆخە سیاسییەکە لەباردەبێت. 10ی مانگ کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە و دەکرێ لەوێ ئەم شەڕە بکەین، لە ئەنجوومەنی وەزیراندا لە ئێستاوە دەتوانین ئەم شەڕە بکەین و لیژنەی داراییش بە هەمانشێوە دەتوانێت ئەم شەڕە بکات. با شاندێکی حکومەت بچێت ئێستا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دابنیشێت.
رووداو: بەم شێوەیەی باسی دەکەی، ئەم بودجەیە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەو کەسە بەتوانایانەی لەوێ کاردەکەن؟
ئامانج رەحیم: بەڵێ راستە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هەموو کێشەکانمان بە روونی دەستنیشان کردووە و پێشنیازیشمان داناوە، کە چۆن چارەسەر بکرێن، ئەوکاتە بەشێکی کارەکە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەیە، کە دەکرێت لەڕووی سیاسییەوە کاری لەسەر بکەین و بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەیە.
رووداو: پشکی پێشمەرگە لەسەر چ بنەمایەک دیاریکراوە؟ باست لەوەکرد کە 62 ملیار دینار پشکی هەرێمی کوردستانە لە قەرزەکان، ئەمە لەسەر چ بنەمایەکە، ئێمە 52 ملیۆن دۆلار قەرزی بانکی جیهانی دەدەینەوە و تەنیا دوو ملیۆن دۆلارمان لەو قەرزە بەردەکەوێت؟
ئامانج رەحیم: لە 2006ـەوە تاوەکو 2023 هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی هەر سەربازێکی عێراقی لە وەزارەتی بەرگری یان مووچەی هەر ئەندامێکی حەشدی شەعبی، 12٪ی مووچەکانیان کەوتووەتە ئەستۆی ئێمە، لەبەر ئەوەی هەمووی خراوەتە ناو خەرجی سیادی. لە بەرامبەری ئەوە تاوەکو ئێستا یەک دینار مووچەی پێشمەرگە نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان. ئەمساڵ لە 200 ترلیۆن دینار 58 ترلیۆن دیناری سیادییە. 10 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بەرگری دانراوە و لەو 10 ترلیۆن دینارە 288 ملیار دیناری بۆ پێشمەرگە دانراوە .