کۆمپانیایەکی کۆری 75 هەزار دۆلار دەداتە هەر کارمەندێکی کە منداڵیان ببێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیایەک لە کۆریای باشوور ئامادەیە ملیۆنان دۆلار بداتە کارمەندان لە پێناو زیادکردنی رێژەی منداڵبوون.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی بویۆنگ کە کۆمپانیایەکی بیناسازییە لە کۆریای باشوور و بارەگاکەی لە شاری سیئۆلی پایتەختە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەنیازە لە بەرامبەر لەدایکبوونی هەر منداڵێک، 100 ملیۆن وۆنی کۆری، کە دەکاتە 75 هەزار دۆلار، بداتە هەر کارمەندێکی.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا خەڵاتێکی سەیری راگەیاندووە و کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە، "بڕی 5 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری کاش دەداتە کارمەندەکانی کە بە کۆی گشتی لە ساڵی 2021ـەوە 70 منداڵیان بووە."
 
گوتەبێژی کۆمپانیاکە دەڵێت، "ئەو دەستپێشخەرییە کارمەندانی ئافرەت و پیاوی کۆمپانیاکە دەگرێتەوە."
 
منداڵبوون بۆ هەر خێزانێکی کۆریای باشوور لە ساڵی 2022ـدا 0.78٪ بووە، بەوەش ئەو وڵاتە خاوەن کەمترین رێژەی منداڵخستنەوەیە لە جیهاندا.
 
ناوەندی ئاماری کۆریای باشوور پێشبینی دەکات، لە ساڵی 2025ـدا ئەو رێژەیە بۆ 0.65٪ منداڵ بۆ هەر خێزانێک کەمببێتەوە.
 
داتاکان جەخت لەسەر ئەو بۆمبە دیمۆگرافییە دەکەنەوە کە لەسەر کات وەستاوە و کۆریای باشوور و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئاسیا رووبەڕووی دەبنەوە، کاتێک تێكڕای تەمەنی دانیشتووانیان بەرەو پیری دەچێت.
 
هاوکات، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاش رووبەڕووی پیربوونی دانیشتووانیان بوونەتەوە، بەڵام خێرایی و کاریگەری ئەو گۆڕانکارییە بەهۆی کۆچبەرانەوە کەمبووەتەوە. 
 
بەڵام وڵاتانی وەک کۆریای باشوور، ژاپۆن و چین پەنایان بۆ وەرگرتنی بەکۆمەڵی کۆچبەران نەبردووە بۆ خۆپاراستن لە پیربوونی دەستی کار لە وڵاتەکانیان.
 
لی جونگ کیون، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکە دەڵێت، "پشتیوانی دارایی راستەوخۆ" پێشکەش بە کارمەندەکانی دەکات بۆ یارمەتیدانیان لە کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لە بەخێوکردنی منداڵان.
 
کیون گوتیشی، ئەو کارمەندانەی سێ منداڵی ساوایان هەیە، بژاردەیەکیان پێدەدرێت لەنێوان وەرگرتنی 300 ملیۆن وۆنی کۆری (225 هەزار دۆلار) بە کاش یان خانووی کرێ، ئەوەش ئەگەر حکومەت زەوییان بۆ دابین بکات.
 
ئەو بەڕێوەبەرە بە کارمەندەکانی گوتووە: "هیوادارم وەک کۆمپانیایەک بناسرێینەوە کە بەشدارە لە هاندانی لەدایکبوون و [کەمکردنەوەی] نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی وڵاتەوە."
 
گروپی بویۆنگ لە ساڵی 1983 دامەزراوە و لەو کاتەوە زیاتر لە 270 هەزار خانووی دروستکردووە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی کۆمپانیاکە.
 
حکومەتی کۆریای باشوور و کۆمپانیا تایبەتەکانی دیکە لە ئێستاوە ئیمتیازاتی دارایی پێشکەش دەکەن بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان هەبێت، بەڵام هیچیان لە ئاستی ئۆفەرەکەی بوویۆنگدا نییە. 
 
پڕۆگرامی هاوشێوە لە چینیشدا هەیە، کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لەسەریەک ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی کەمبووەتەوە.