هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین رایگەیاند، ئەمڕۆ هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەوازەی کێلێ دەستیپێکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، جەوهەر رەسوول، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم وەرزەی بەفربارین، پێنچ رۆژ هاتووچۆ لە دەروازەکە راگیراوە، هۆکارەکەش بەهۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بەفرێکی زۆر باریبوو و رێگەکەیان پاک نەدەکردەوە.
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین دەشڵێت، ئەمڕۆ لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رێگەکە پاک کراوەتەوە و هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ئاساییە، بەڵام لە ئێران ئەمڕۆ و یەکشەممەش پشووە، بۆیە جموجووڵی بازرگانی نابێت، بەڵام وەکو پاککردنەوە ئەمڕۆ هەموو کارەکانیان تەواو بوو و رێگەکە کرایەوە.
رۆژی سێشەممە، 06ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دیوی راپەڕینەوە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان پاککردنەوەی رێگەوبانی دەروازەکە لە ئەستۆی کۆمپانیایەکە، ئەوان بەردەوام تیمەکانیان لە دەروازەکەن و رێگەکە لە بەفر پاک دەکەنەوە، بەڵام لە دیوی ئێرانەوە رێگەکە پاک ناکەنەوە ئەوەش وایکردبوو لە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی رابگیرێت."
دەروازەی کێلێ لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی کراوەتەوە، هەرچەندە ئێران ماوەی چوار ساڵە بڕیاری بەفەرمی ناساندنی دەروازەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە فەرمی بیناسێنێت، هەرچەندە جگە لە هاتووچۆی بازرگانی، هاتووچۆی هاووڵاتییانیش بە پاسپۆرت هەیە.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ حەوت دەروازەی نافەرمی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار داوای بە فەرمی ناساندنی کردوون.