یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا گەیشتە 140.1 ملیار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا ئێستا 41.7 ملیار دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا کە 140.1 ملیار دۆلارە.
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 داتاکانی پەیوەست بە دراو و بانکەکانی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکان لەکۆتایی مانگی ئایارەوە تائێستا یەدەگی بانکی ناوەندیی تورکیا 41 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کە بەرزترین ئاستە تائێستا تۆمار کرابێت.
هەفتەی رابردوو یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا 136.5 ملیار دۆلار بوو.
بەم پێیە تاوەکو یەکی کانوونی یەکەم، کۆی گشتی یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندی دوو ملیار و 236 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 93 ملیار و 233 ملیۆن دۆلار. کۆی گشتی یەدەگی دراوی بیانی لە 24ـی ئەم مانگەدا لە ئاستی 90 ملیار و 997 ملیۆن دۆلار بوو.
لەو وادەیەدا، یەدەگی زێڕ یەک ملیار و 420 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە، لە 45 ملیار و 496 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 46 ملیار و 916 ملیۆن دۆلار.
کۆی یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا لە هەفتەی یەکەمی کانوونی یەکەمدا بەراورد بە هەفتەی پێشوو سێ ملیار و 656 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و لە 136 ملیار و 493 ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە 140 ملیار و 149 ملیۆن دۆلار، کە بەرزترین ئاستە لە مێژووی بانکەکەدا.
زیادبوونی کۆی یەدەگەکان لە نێوان کۆتایی مانگی ئایار و هەفتەی کۆتایی یەکی کانوونی یەکەم 41 ملیار و 691 ملیۆن دۆلار بووە، کە دەکاتە 42.3٪.